رووداو دیجیتاڵ
کەسێک لە سەنتەری ناحیەی کەلەکچی برایەک و دوو براژنی خۆی کوشت، دراوسێ و شایەتحاڵەکان دەڵێن، پێشتر هەستیان نەکردووە کێشە لەو ماڵەدا هەیە.
قوربانییەکان ناویان: (لوقمان ئیسماعیل، 33ساڵ)، (دەوڵەت جەمیل، 25 ساڵ) و (سەیران عەبدولڕەحمان، 25 ساڵ)ـە.
تۆمەتبارەکە سەرەتا لە ماڵێکدا براکەی و یەکێک لە براژنەکانی کوشتووە، پاشان چووەتە ماڵێکی دیکە و براژنەکەی دیکەشی کوشتووە.
ئەیوب مستەفا، دراوسێی ماڵی دوو لە قوربانییەکان بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی تەقەکردنەوە ئاگر لە ماڵەکە کەوتووەتەوە.
ئەیوب مستەفا، دراوسێی قوربانییەکانە و دەڵێت، "چوومە نێو ماڵەکەیان، نزیکەی نیو مەتر کەلوپەل و شتەکانیان ئاگری گرتبوو. تەرمی لوقمان کەوتبوو، هیی هاوژینەکەشی هەر لە تەنیشتییەوە بوو. هەر کە گەیشتم، ئەوەندەم توانی دۆشەکێکی ئاگرگرتوو فڕێ بدەمە نێو حەوشەکە و ئاگرەکەم کوژاندەوە. من دەستم لە هیچ تەرمێک نەدا، چونکە گیانیان لەدەستدابوو."
هەر سێ تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادی کراون. تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە هێزە ئەمنییەکان تۆمەتبارەکەیان دەستگیر نەکردووە. بە گوتەی دراوسێکانیان، پێشتر هەستیان بە بوونی هیچ کێشەیەک لەنێو ئەو خێزانەدا نەکردووە.
نەوزاد کۆچەر، دراوسێیەکی دیکەی قوربانییەکانە و دەڵێت: "خەڵک هەمووی لەسەر نانخواردن بوون کە دەنگی تەقە هات. چووین، خەڵک کۆبووەوە، دراوسێ و کەسوکار. بینیمان تەرمەکانن و کارەساتێکی وەهایە. دەبێت دوعا بکەین کە موسیبەتی وا بۆ هیچ کەسێک نەنێرێت."
هەردوو ژنە کوژراوەکە دایکن و هەر یەکێکیان سێ منداڵی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ