رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دادگاییکردنی 12 کەس لە گیرکراوانی دۆسیەی "لالەزار" لە سلێمانی بەڕێوەچوو؛ پارێزەرێکی گیراوان دەڵێت، شایەتحاڵێک لە بەردەم دادوەردا دانی بەوەدا ناوە، کە "لەژێر ئەشکەنجەدا" لاهوور شێخ جەنگی تۆمەتبار کردووە و ئێستا هەموو قسەکانی رەتکردووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 14ـی ئایاری 2026، دانا تەقیەدین، یەکێک لە پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دانیشتنی دادگاییکردنی 12 کەس لە دەستگیرکراوانی دۆسیەی لالەزار بەڕێوەچوو، کە بەپێی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەکرێن. لە دانیشتنەکەدا گوتەی دوو لە تۆمەتباران خوێندرایەوە و شایەتێکیش ئامادەبوو."
لەبارەی گوتەی شایەتەکە، پارێزەرەکەی لاهوور شێخ جەنگی گوتی، ئەو کەسە پێشتر پاسەوانی رێبواری حەمەی حاجی غالی بووە، لەبەردەم دادگادا گوتوویەتی: "پێشتر لەژێر ئەشکەنجەدا ناچاریان کردووم قسە بکەم و بڵێم کە هەندێک شتم بە لاهوور شێخ جەنگی داوە، بەڵام ئەمڕۆ لە دادگەدا گوتی کە ئەو قسانەی تەنیا لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا کردووە و هیچ شتێکی بە ئەوان نەداوە و شتی بۆ نەگواستوونەتەوە."
دانا تەقیەدین باسی لەوەش کرد، بەهۆی زۆریی ژمارەی پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوە و وردبینی تێیاندا، دادگا بڕیاری دا دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دوابخات.
کێشەی یاسایی لاهوور شێخ جەنگی و براکانی بۆ شەوی 22ـی ئابی 2025 دەگەڕێتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی (دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ) دوای گەمارۆدانێکی سێ کاژێری و دروستبوونی رووبەڕووبوونەوە، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار لە شاری سلێمانی. ئەو هێرشە دوای ئەوە هات کە لاهوور شێخ جەنگی رەتیکردەوە خۆی رادەست بکات. لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگیی برای و ژمارەیەک لە پاسەوان و ئەندامانی هێزەکەی دەستگیرکران.
رۆژی 12-01-2026، بۆ یەکەمجار لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ