بەرەی تورکمانی: سەرکۆنەی زیانگەیاندن بە گۆڕی ئیمام ساقز دەکەین

14-07-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرەی تورکمانی سەرکۆنەی هەڵدانەوە و شێواندنی گۆڕی یەکێک لە پیاوچاکەکانی شاری هەولێر دەکات و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بەدواداچوونی جیدی بکات بۆ دۆزینەوەی بکەرانی ئەو کارە. داواش لە رێکخراوە ئاینی و مرۆییەکان و خەڵکی هەولێر دەکات بەرامبەر بەو کارە بێدەنگ نەبن. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 13-7-2023 لە گەڕەکی تەعجیلی شاری هەولێر گۆڕی پیاوچاکێک بەناوی"ئیمام ساقز" هەڵدرایەوە و دەگوترێت رووفاتەکەی بۆ شوێنێکی نادیار بردراوە، لەسەر ئەو بابەتە بەرەی تورکمانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە: "ئێمە وەکو بەرەی تورکمانی عێراقی/لقی هەولێر، سەرکۆنەی ئەو هەوڵە ترسنۆکانەیە دەکەین لە بەرامبەر زیانگەیاندن بە گۆڕستانێکی هەولێر."
 
بەرەی تورکمانی ئەو کارە بە هەوڵێک دەبینێت بۆ "زیانگەیاندن بە مێژووی شەرەفمەندانەی هەولێر و لەنێوبردنی شوێنەوارە کولتووری و مێژووییەکانی شاری هەولێر و ئەو پێکەوەژیانەی لەشارەکەدا هەیە."
 
ئەو حیزبە تورکمانییە داوا دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونێکی جیددی بکات بەمەبەستی گەیشتن بە تاوانبارانی ئەو تاوانە. بە پێویستیشی دەزانێت یاسای تایبەت بە پاراستنی مافی پێکهاتە ئاینی و کولتووری و کۆمەڵایەتی لە ناوچەکە بە هەند وەربگیرێت.
 
بەرەی تورکمانی لەگەڵ ئەوەی رووداوەکە بە قێزەوەن ناودەبات، داواش دەکات "رێکخراوە ئاینی و مرۆییەکان و خەڵکی بەشەرەفی شاری هەولێر بەرامبەر بەو هەڵوسوکەوتە قێزەوەنە بێنە دەنگ و ئەو کارە رەتبکەنەوە."
 
گۆڕی ئیمام ساقز، بەپێی شوێنەوارناسان مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 500 ساڵ پێش دەگەڕێتەوە، بەشێک لە دانیشتووانی هەولێر ئەو کەسەیان بە پیرۆز زانیوە و هەندێک کەسیش بۆ هەندێک مەبەست، لەوانەش سەرپێکەوتنی ئەو منداڵانەی سەرپێکەوتنیان دواکەوتووە، سەردانی گۆڕەکەیان کردووە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە