مەنسوور بارزانی بۆ رووداو: تاوەکو داعش بمێنێت هێرشەکانمان بەردەوام دەبن

14-08-2016
گۆڤەند مستەفا
مەنسوور بارزانی لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ
مەنسوور بارزانی لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ
نیشانەکردن داعش پێشمەرگە مەنسوور بارزانی
A+ A-

رووداو - میحوەری خازر 

فەرماندەی لەشکری تایبەتی گوڵان تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: لەم شەڕەی ئەمڕۆدا تاوەکو ئێستا 120 چەکداری داعش کوژراون، هەتاوەکو داعش بمێنێت هێرشەکانمان بەردەوام دەبن.  

هێزەکانی پێشمەرگە بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان رۆژی یەکشەممە 14-8-2016 ئۆپەراسیۆنیکی فراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی چەند گوندێک لە میحوەری گوێڕ خازر دەستپێکرد، مەنسوور بارزانی، فەرماندەی لەشکری تایبەتی گوڵان بۆ رووداو گوتی "ئێمە وەکو لەشکری تایبەتی گوڵان و هێزی دژەتیرۆری هەولێر لە شەڕەکەدا بەشدارین". 

فەرماندەی لەشکری تایبەتی گوڵان لەبارەی چەکدارانی داعشەوە لە شەڕەکەی ئەمڕۆدا گوتی "  داعش وەکو هەموو جارێک ناتوانن بەرامبەر پێشمەرگە بووەستن، بەڵام خۆکوژیان بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوەوە دەنێرن و ئێمەش چەند شەهید و بریندارێکمان هەن، لەم شەڕەشدا هێزەکانی پێشمەرگە بە یارمەتی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان توانیومانە 120 چەکداری داعش بکوژین". 

بارزانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە: ئاگاداری ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکانی داعش بن 

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان خۆی سەرپەرشتی شەڕەکان دەکات، مەنسور بارزانی دەڵێت: " راستە جەنابی سەۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان لە کاژێر 4ی بەرەبەیانەوە تا ئێستا لەگەڵ فەرماندە عەزیز وەیسی و فەرماندەکانی دیکە پێشمەرگە لە پەیوەندیدابووە، راستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەکات دژی تیرۆریستانی داعش".

بارزانی بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە بەپێی گوتەی مەنسوور بارزانی " مەسعود بارزانی رێنمایی پێشمەرگەی کردووە و گوتوویەتی: تیرۆرستانی داعش ئەوە نین لەبەرامبەرتان بووەستن، بەڵام ئاگاداری ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکانیان بن".

"خودا پشتیوانی پێشمەرگەیە"

مەنسور بارزانی، فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەک و گوڵان، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنکە رایگەیاند "پێشمەرگە قارەمانەکان لە کاژێر 5:30 خولەکی بەرەبەیان لە ساتری پێشمەرگە کە دەکەوێتە نێوان گوندی کبرلی و خەبەت سوڵتان دەستی بە پێشڕەوی کرد".

فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەک و گوڵان بە ئاماژەدان بەوەی خودا هاریکاری پێشمەرگەی کردووە لە سەرکەوتنەکان، گوتی: "پێشڕەوییەکانی پێشمەرگە لە دوو میحوەرەوە دەستی پێکرد، یەکێکیان ئەو میحوەرەی باسم کرد، بێگومان هەموو جارێک خودا هاریکاری پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان بووە، کاتێکیش خودا هاریکاری پێشمەرگە بێت، هەموو جارێک سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە، ئەمجارە شوکر بۆ رەحمی خودا، خودا هاریکاربوو لەسەر دەست و بازووی پێشمەرگە قارەمانەکان لە ماوەی 5 بۆ 6 کاژێر توانیان گوندەکانی قەرقەشە، تاخ، سەتیح، تەل حەمید و شەنەف کۆنترۆڵ بکەنەوە".

مەنسوور بارزانی گوتیشی: "بە پێویستی دەزانم بڵێم ئەو هێرشە لەژێر فەرماندەیی جەنابی فەرماندە عەزیز وەیسی، فەرماندەی فەرماندەیی زێرەڤانی بووە، ئێمەش وەکو لەشکری تایبەتی گوڵان و دژە تیرۆری هەولێر لەژێر فەرماندەیی ئەواندا دەستمان بەو ئۆپەراسیۆنەکرد".

"هەندێک شەهید و بریندارمان هەیە"

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە پێیوایە "داعش وەکو هەموو جارێک، ناتوانێت رووبەڕوو بەرامبەر پێشمەرگە رابووەستێت، بەڵام ئەوشتانەی دەیکات، بریتین لە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و خۆکوژەکانیان، ئەمڕۆ بەچاوی خۆتان بینیتان چەند ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو هەوڵی ئەوەیاندا بێنە ناو هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام لەلایەن پێشمەرگە قارەمانەکانەوە تەقێندرانەوە".

سەبارەت بە زیانەکانی پێشمەرگە لە شەڕەکەدا، مەنسوور بارزانی گوتی: "ئێمە لەو میحوەرە هەندێک شەهیدو برینداریشمان هەیە، ئینشەڵڵا جێگای شەهیدەکان بەهەشت دەبێت و خودا شیفا بۆ بریندارەکان بنێرێت و بە زووترین کات چاک ببنەوە، لە میحوەری وەردەکیش، هێرشەکان لە مەخموور و گوێڕەوە دەستیان پێکرد، شوکر بۆ خوا ئەو شوێنانەی مەبەستمان بووە کۆنترۆڵیان بکەین".

"زیاتر لە 120 چەکداری داعش کوژراون"


فەرماندەی لەشکری تایبەتی گوڵان سەبارەت بە زیانەکانی داعش دەڵێت: "ژمارەیەک چەکداری داعش لە گوندی شەنەف، هەندێکیان لەسەر مۆتۆرسکیل و هەندێکیش بەپێ دەهاتن، لەلایەن پێشمەرگەوە تەقەیان لێکرا، ئەوەی بەچاوی خۆمان بینیمان ژمارەیەکیان لێ کوژراو، بە گشتی زەرەرێکی زۆر بەر دووژمن کەوتووە، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، بە هاوکاری هاوپەیمانان و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەکان تا ئێستا زیاتر لە 120 چەکداری داعش کوژراون، تەرمی بەشێک لە کوژراوەکانی داعش لە نێو گوندەکاندا جێماون و لەبەردەستی پێشمەرگەدان.

بەگوتەی مەنسوور بارزانی، پلانی پێشمەرگە هیچ کاتێک کۆتایی پێنایێت، هەتا بستێک لە خاکی کوردستان لەژێر دەستی داعش مابێت، بەڵام داوای لێبوردن دەکەم لێرە ناتوانم ئەوە ئاشکرا بکەم کە پلانەکە کۆتایی هاتووە یان بەردەوامی هەیە.

لەبارەی پێشبینییەکانیان بۆ ئەو پێشڕەوییانەی ئەنجامیانداوە، فەرماندەی لەشکری تایبەتی گوڵان دەڵێت: "بێگومان هیچ کاتێک بە کەم سەیری دووژمنەکەی ناکات، بەڵام تا کوردستان خاوەنی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە بێت، ئێمە پێشبینی ئەوەمان کردووە تیرۆریستانی داعش ناتوان خۆیان لەبەرامبەر پێشمەرگە قارەمانەکان رابگرن".

"بە ئازادکردنی ئەو ناوچانە تیرۆریستانی داعش دوور دەکەونەوە"

کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو گوندانە بە گوتەی مەنسوور بارزانی گرنگی خۆی هەیە، ئەو دەڵێت: "خەڵکێکی زۆری ئێمە لە ناوچەکانی گوێڕ ، کەپران ، گامێش تەپە ، ئەبوشیتە و گعێتلی لەژێر بۆردوومانەکانی داعشدابوون، هاوەنەکانی داعش دەگەیشتە ئەو شوێنانە، خەڵکی ئەو ناوچانە بەهۆیەوە ئاوارەبوون، کە ئەمەش بارگرانییەک بوو بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە ئازادکردنی ئەو ناوچانە تیرۆریستانی داعش دوور دەکەونەوە، خەڵکی ئەو ناوچانەش دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".

سەبارەت بەوەی دەگوترێت ئەم ناوچانە، ناوچەکانی دوایین سنووری کوردستانن، لەوبارەیەوە فەرماندەی لەشکری تایبەتی گوڵان دەڵێت: "من نازانم، یەکێکی سیاسی دەتوانێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، بەڵام سەرۆکی ئێمە هەر ئەمرێک بە ئێمە بکات، تا هەر شوێنێک بێت، ئێمە ئامادەین بچین و لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش دەریبهێنین".

"هاوپەیمانان ئەوەی پێیانکراوە بۆ ئێمەیان کردووە"

مەنسوور بارزانی سوپاسی هاوپەیمانان دەکات و دەڵێت: "هەر لە یەکەم رۆژەوە هاریکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە، لە مانگی 8ی ساڵی 2014وە، لە راستیدا ئەوەی پێیانکراوە بۆ ئێمەیان کردووە، بۆ نموونە ئەوەی ئەمڕۆ بەچاوی خۆتان بینیتان، راستە پێشمەرگە قارەمانی زۆری نواند، بەڵام فڕۆکەکانی هاوپەیمان زۆر هاریکاربوون بۆ ئەوەی تیرۆریستانی داعش بکوژرێن، بۆیە سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانەی هاوپەیمانی دەکەین کە لەگەڵ ئێمە بەشداربوونە".

"پردی گویڕ تەقێندراوەتەوە"

مەنسوور بارزانی لە بەشێکی قسەکانیدا باسی گرنگی پرسی موسڵ دەکات لەئازادکردنی موسڵ و دەڵێت: "پردی گوێڕ لەلایەن داعشەوە تەقێنراوەتەوە، ئێستا خەریکی چاککردنەوەیەن، ئەگەر حکومەتی عێراق بیەوێت لەو رێگەیەوە بچێتە سەلامییە لەوێوە بۆ موسل، سوودێکی باش لە پردە دەبینن بۆ داهاتوو بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، گرنگی ئەو پردەش لەوەیە پێدوایستییە لۆجستییەکان بۆ ئێمە ئاسانتر بێت".

"توانای داعش وەکو شەڕەکانی رابردوو نەبوو"

فەرماندەی لەشکری گوڵان دان بەودا دەنێت کە بەڕاستی داعش تووشی داڕمان بووە، ئەو پێیوایە: "ئەو بەرگرییەی ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش هەیانبوو، وەکو شەڕەکانی رابردوو نەبوو، چونکە پێشتر لە شەڕەکاندا بەرگریان زیاتر دەکرد و بەهێزتر بوون ، بەڵام ئەمجارە نەیانتوانی وەکو پێشتر ئەو بەرگرییە بکەن، هۆکارەکەشەی ئەوەیە زۆربەی شەڕکەرەکانیان کوژران، ئەو خەڵکەی ئێستا لەگەڵ داعشن زیاتر ئەو چەکدارە بچووکانەن کە بە زۆری  هێناویانن".

"سەلماندمان پێشمەرگە دەتوانێت بەرگری لە کەرامەتی خاک و وڵاتی بکات"

گرنگی شەڕی دژ بە داعش بۆ پێشمەرگەو خەڵکی کوردستان، بە بڕوای مەنسوور بارزانی لەوەدایە کە "ئێمە بینیمان تیرۆریستانی داعش بەناوی ئیسلامەتی چیان بەسەر خەڵکی هێنا، ئێمە بینیمان چ بەسەر خەڵکی شنگال هات، هەر شوێنێک دەستی ئەوانی پێگەیشتبێت، دەستدرێژی کردووەتە سەر ناموسی ئێمە و خەڵکی ئێمەیان سەربڕی، بۆیە پێویستی دەکرد بەرگری لەخۆمان بکەن، بۆ دونیاشمان سەلماند کە پێشمەرگە سوپایەکی دیموکراتە و دەتوانێت بەرگری لە شەرەف و کەرامەت و خاک و وڵاتی خۆی بکات".

"لەبەرامبەر شەڕی موسڵ با داوای سەربەخۆیی بکەین"

مەنسوور بارزانی لەبارەی شەڕی موسڵ گوتی: "سانایی شەڕی موسڵ دەوەستێتە سەر ئەو هێزانە لە پرۆسەی ئازادی موسڵ بەشدار دەبن، هەندێک هێز هەیە ئەگەر بەشدار ببن، بێگومان گرتنی شاری موسڵ گەلێک ئەستەم دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەو هێزە بەشدار نەبێت، ناڵێم سانا دەبێت، بەڵام بەوجۆرە سەخت نابێت، کە بەخۆیان کێشەی مەزهەبیان لەنێودا هەیە".

سەبارەت بە بەشداریی پێشمەرگە لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، فەرماندەی لەشکری گوڵان، دەڵێت: "سیاسییەکانی ئێمە دەبێت ئەوە بزانن حکومەتی عێراق چی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، چونکە ئێمە چاومان لە خاکی عێراق نییە، چاومان لە خاکی عەرەبان نییە، ئێمە تەنیا دەمانەوێت خاکی کوردستان رزگار بکەین، ئەگەر ئەوانیش داوای هاریکاری بکەن، لەوە دڵنیام جەنابی سەرۆک بارزانی رەزامەندی پێشان دەدات، بەس لەبەرامبەر چی، ئایا لە بەرامبەردا چ ئیمتیازێک بە پێشمەرگەو میللەتی کورد دەدرێت، بۆ ئەوەی ئامادەبین خوێنی خۆمان بۆ عەرەب بڕێژین، ئەگەر لەمن دەپرسن، من لەبەرامبەر ئەوە داوای سەربەخۆیی کوردستان دەکەم".

سەبارەت بە ئەگەری دروستبوونی شەڕ لە دوای داعش لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی، مەنسور بارزانی دەڵێت: "هیوادارم ئەو شەڕە نێوخۆییە دروست نەبێت، ئەگەر کەسێکیش بێتە سەر خاکی ئێمە و دەستدرێژی بکاتە سەرمان، بێگومان بەرگری لەخۆمان دەکەین تا دوایین دڵۆپە خوێن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە