رووداو - هەولێر
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 14-8-2016، پێشمەرگە لە میحوەرەكانی خازر و گوێڕ-مەخموور، بۆ دوورخستنەوەی مەترسی داعش لەسەر ئەو ناوچانە و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بچووكردنەوەی دەسەڵاتی داعش لە موسڵ، لەژێر سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، دەستی بە ئۆپەراسیۆنێك كرد، تاوەكو ئێستا 9 گوند کۆنترۆڵكراونەتەوە و پێشمەرگە زۆرتر لە 15 كیلۆمەتر چووەتە قوڵایی خاكی ژێر دەسەڵاتی داعش، مەبەستی پێشمەرگە كۆنترۆڵكردنەوەی 10 گوندە.
رووداو لەنێو گەرمەی شەڕ
تیمێكی پەیامنێرانی رووداو (هێڤیدار ئەحمەد، فەرهاد دۆڵەمەری، نەبەرد حوسێن و نێچیرڤان حوسێن) لە بەرەکانی شەڕدان و سات بە سات و راستەوخۆ دیمەن و زانیارییەکانی هێرشی پێشمەرگە بۆ سەر داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی گوندەکان بۆ بینەر و بیسەری رووداو دەگوازنەوە.
نۆ گوند كۆنترۆڵكرانەوە
فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە پشتگیری هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن و هاوشان لەگەڵ تۆپخانەكانی پێشمەرگە داعش بۆردوومان دەكەن. گوندە كۆنترۆڵكراوەكان بریتین لە: تەلحەمید - ئەبزەخ - قەرقەشە، تاخ، شنەف، کەنەشی بچووك، حەمرەی بچووك و تسیح.
هەشت خۆكوژی داعش خۆیان تەقاندەوە
لەو شەڕەدا شەش ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی داعش بە خۆكوژەوە، لەگەڵ دوو خۆكوژی پیادە هەوڵیاندا خۆیان بە پێشمەرگەدا بتەقێننەوە، بەڵام سەرجەم ئۆتۆمبێلەكان بە چەكی میلان لەلایەن پێشمەرگە تەقێندرانەوە، خۆكوژەكانیش نەیانتوانی هیچ زیانێك بە پێشمەرگە بگەیێنن.
120 چەكداری داعش كوژران
مەنسوور بارزانی، فەرماندەی لەشکری تایبەتی گوڵان لە میحوەری خازر، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەو ئۆپەراسیۆنەدا بە هاوكاری فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان 120 چەكداری داعشمان كوشتوون، داعش وەکو هەموو جارێک ناتوانن بەرامبەر پێشمەرگە بووەستن".
پێشمەرگە شەهید و برینداری هەیە
سەبارەت بە زیانەکانی پێشمەرگە لە شەڕەکەدا، فەرماندەی لەشکری تایبەتی گوڵان گوتی "ئێمە هەندێک شەهید و بریندارمان هەن، ئینشەڵڵا جێگای شەهیدەکان بەهەشت دەبێت و خودا شیفا بۆ بریندارەکان بنێرێت و بە زووترین کات چاک ببنەوە".
پەیام و ئامۆژگاری بارزانی بۆ پێشمەرگە

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان خۆی سەرپەرشتی شەڕەکە دەكات، مەنسوور بارزانی، كوڕی سەرۆكی هەرێم و فەرماندەی لەشکری تایبەتی گوڵان لە بەرەكانی شەڕ لەبارەی پەیامی بارزانی قسەی بۆ رووداو كرد و گوتی " جەنابی سەرۆک بارزانی لە کاژێر 04:00 ی بەرەبەیانەوە تاوەکو ئێستا لەگەڵ فەرماندە عەزیز وەیسی و فەرماندەکانی دیکە پێشمەرگە لە پەیوەندیدایە، راستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەکات دژی تیرۆریستانی داعش".
بەگوتەی مەنسوور بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە و گوتی "مەسعود بارزانی رێنمایی پێشمەرگەی کردووە و گوتوویەتی: تیرۆرستانی داعش ئەوە نین لەبەرامبەرتان بووەستن، بەڵام ئاگاداری ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکانیان بن".
میدیاكارێك شەهیدبوو

لە ئۆپەراسیۆنەكەدا میدیاكارێك شەهیدبوو، دوو رۆژنامەڤانیش برینداربوون. لەکاتی رووماڵکردنی دیمەنەکانی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی گوندەکانی سنووری نەینەوا لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە، تەلەڤزیۆنی کوردستان تیڤی، زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند کامێرامانێكی تەلەڤزیۆنەكەیان بەناوی مستەفا سەعید لە میحوەری خازر شەهید بووە، هەروەها پەیامنێر هێمن نانەکەلی بریندار بووە. هاوكات رۆژنامەنووسێكی بیانیش لە هەمان میحوەر برینداربوو.
تیمی رووداو کەوتە بۆسەیەکی داعشەوە
تیمیی رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرەکانی شەڕ لە میحوەری خازر، كەوتە بۆسەیەکی داعشەوە و دەستڕێژی گوللەیان لێكرا، بەڵام لەلایەن هێزێکی پێشمەرگەوە رزگاركران. هێڤیدار ئەحمەد، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، لە میحوەری خازر کاتێک بەرەو دوایین خاڵی بەرەی جەنگ دەڕۆیشتین بۆ ئەوەی دوایین دیمەن و زانیارییەکان بگوازینەوە، چەند چەکدارێکی داعش لەنێو چەند دارێکدا بۆسەیەکیان بۆ دانابووینەوە و دەستڕێژی گوللەیان لێکردین، بەڵام زیانی گیانیمان نەبوو.
هێڤیدار ئەحمەد گوتیشی "چەند گوللەیەک بەر ئۆتۆمبێلەکانمان کەوتوون، بەڵام تیمەکەمان سەلامەتن و لەکاتێکدا کە ژیانمان لە مەترسیدابوو، هێزێکی پێشمەرگەی زێرەڤانی گەیشتنە شوێنەکە و ئێمەیان رزگارکرد". تیمەکەی تۆڕی میدیایی رووداو پێکهاتبوون لە پەیامنێران نێچیرڤان حوسێن، فەرهاد دۆڵەمەڕی و هێڤیدار ئەحمەد، هەروەها وێنەگران ئەحمەد عومەر، فارس مشکۆ و زەردەشت خان، هاوکات عەلا محەممەد و ئەحمەد رەسوڵ وەکو تیمی ئێس ئێن جی و شۆفێر لەگەڵیاندا بوون.
توانای داعش وەکو شەڕەکانی رابردوو نەبوو
فەرماندەی لەشکری گوڵان دان بەوەدا دەنێت بەڕاستی داعش تووشی داڕمان بووە، ئەو پێیوایە: "ئەو بەرگرییەی ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش هەیانبوو، وەکو شەڕەکانی رابردوو نەبوو، چونکە پێشتر لە شەڕەکاندا بەرگریان زیاتر دەکرد و بەهێزتر بوون، بەڵام ئەمجارە نەیانتوانی وەکو پێشتر ئەو بەرگرییە بکەن، هۆکارەکەشەی ئەوەیە زۆربەی شەڕکەرەکانیان کوژران، ئەو خەڵکەی ئێستا لەگەڵ داعشن زیاتر ئەو چەکدارە بچووکانەن کە بە زۆری هێناویانن". گوتیشی "داعش 40% ی توانای لەدەستداوە".
چەكدارانی داعش بە ئۆتۆمبێلی مەدەنی هەڵاتن
ژمارەیەك چەكداری داعش لە میحوەرەکانی خازر تاوەکو گوێڕ بە ئۆتۆمبێلی مەدەنی هەڵاتن و خۆیان لە بۆردوومانی تۆپخانەكانی پێشمەرگە و فڕۆكە جەنگییەكان دەدزییەوە.
كاژێر 09:00 ی بەیانی هێڤیدار ئەحمەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرەکانی شەڕ لە گوندی قەرقەشە رایگەیاند، چەکدارانی داعش بە چاوی خۆمان دەبینین بە ئۆتۆمبێلی مەدەنی هەڵدێن، پێشمەرگە بە ژمارەیەکی زۆرەوە هێرش دەبات، داعش خۆی لەبەرامبەر پێشڕەوییەکانی هێزەی پێشمەگە راناگرێت".
گوتیشی:"داعش بە ئۆتۆمبێلی مەدەنی هەڵدێن، بۆ ئەوەی لەلایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانانەوە لێیان نەدرێت، بەهۆی ئەوەی فڕۆکەکان دەڵێن خەڵکی سڤیلی تێدایە، چونکە ئەو ناوچانەی خەڵکی سڤیلیان تێدا مابوو".
پێشمەرگە ستراتیژیترین شوێنی لەڕووی سەربازییەوە کۆنترۆڵکردەوە

بەرپرسی میحوەری مەخموور، لە بەرەکانی شەڕ، لەنێو گوندی ئەبزەخ، تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دوا و رایگەیاند "پێشمەرگە ستراتیژیترین شوێنی لەڕووی سەربازییەوە کۆنترۆڵکردەوە".
نەجات عەلی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو بەرەیەی ئەمڕۆ کۆنترۆڵکرایەوە، پێموایە ستراتیژیترین شوێن بوو لەڕووی سەربازییەوە، چونکە لایەکی ئاو بوو، لایەکی دەشت بوو و، هێزەکانی پێشمەرگە هیمەتێکی گەورەیان کرد و توانیان کۆنترۆڵی بکەنەوە".
عەرەبەکانی سنووری خازر ئاڵای کوردستانیان ماچكرد
لەگەڵ پێشڕەوی پێشمەرگە، خەڵکی گوندی سەتیح-ی عەرەبنشین کە زیاتر لە 500 ماڵ دەبن، یارمەتییان پێشکەشی هێزەکانی پێشمەرگە كرد و ئاڵای کوردستانیان ماچكرد. ئەوان دەیانگوت "دەمانەوێت لە دەستی چەکدارانی داعشی دڕندە رزگارمان ببێت".
یەکێک لەو پێشمەرگانەی لە نزیک گوندەکە بوو و لە شەڕەکە بەشدار بوو، تایبەت بە رووداو گوتی " خەڵکی ئەو گوندە عەرەبنشینە پێشوازی زۆریان لێ کردین و ئاڵای کوردستانیان ماچکرد". هەروەها گوتی "خەڵکی گوندەکە پێیان گوتین: پێشوازیتان لێدەکەین، ئاگاداریشیان کردینەوە لە بوونی چەکدارانی داعش لە نزیکمانەوە و شوێنی دوو چەکداریشیان پێمان نیشاندا".
دەنگۆی هێرشی پێشمەرگە بۆ سەر موسڵ بڵاوبووەتەوە
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەگەڵ سەركەوتنی پێشمەرگە، داعش لەنێو شاری موسڵ كەوتووەتەخۆی و چەندین بازگەیان داناون. نەبەرد حوسێن، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرەكانی شەڕ رایگەیاند، زانیاریمان هەیە لەنێو موسڵ دەنگۆی هێرشکردنی پێشمەرگە بۆ سەر موسڵ بڵاوبووەتەوە و چەكدارانی داعش تۆقیون و ئامادەكاری دەكەن.
گرنگی ئەو گوندانە بۆ پێشمەرگە و كوردستان
ئەو ناوچانەی پێشمەرگە كۆنترۆڵی كردنەوە، چەند گوندێکی کوردستانی بوون لەگەڵ چەند گوندێکی عەرەبنشین. ئەو ناوچانە لەڕووی سەربازییەوە یەکجار ناوچەی ستراتیژین، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچانە پڕن لە گژوگیا و قامیش و دار و کەند، چەکدارانی داعش لەوێوە سەنگەرەکانی پێشمەرگەیان بە هاوەن بۆردوومان دەكرد.
بەپێی پلانەکانی پێشمەرگە مەترسی داعش لە سەر گوندەکانی: سوفییە، خالندن، گامێشتەپە، حەوێرە و کەپران دووردەخرێتەوە، ھەروەھا چوارڕیانی گوێڕ- دیبەگە- ھەولێر - موسڵ ھەڕەشەی لەسەر نامێنت، داعش بەھیچ چەکێکی دوورھاوێژ ناتوانێت مەترسی لە سەر سنووری پارێزگای ھەولێر دروست بکات، بەتایبەت فڕۆکەخانەی ھەولێری نێودەوڵەتی.
پارسەنگی هێز بەلای پێشمەرگەدا دەگۆڕێت
بە تەواوبوونی پلانی ئۆپەراسیۆنەكەی ئەمڕۆ، پارسەنگی ھێز بە لای پێشمەرگە لەو میحوەر دەگۆڕێت و دەشتاییەکانی حەمام عەلی و بیرە نەوتەکانی دەکەونە ژێر ھەڕەشەی راستەوخۆی تۆپخانەکانی پێشمەرگە.
داعش چی دیکە ناتوانێت شەڕی پارتیزانی دژی پێشمەرگە لەو ناوچانە بکات، بەڵکو پێشمەرگە رووبەڕوو لە دەشتی حەمام عەلی سەنگەر دادەمەزرێنت، ھەروەھا بەشێک لە سەرچاوەی قوتی داعش لەڕێگەی بیرە نەوتەکان دەکەوێتە بەر ئامانجی چەکەکانی پێشمەرگە.
بازنەی دەسەڵاتی داعش لە موسڵ بچووکتر دەبێتەوە
لەدوای سەرکەوتنی ئەو ئۆپەراسیۆنە بازنەی دەسەڵاتی داعش لە موسڵ بچووکتر دەبێتەوە، بەجۆرێک پێشمەرگە لە میحوەری خازر تەنیا 15 کیلۆمەتر لە میحوەری گوێڕیش تەنیا 23 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری موسڵەوە دوور دەبێت. بەمەش ھەنگاوەکانی کۆنترۆڵکردنەوی موسڵ ئاسانتر دەبن کە 60 وڵاتی جیھان لە ھاوپەیمانێتی دژی داعش بەسەرۆکایەتی ئەمریکا دەیەوێت ئەنجامی بدات.
ئەم ئۆپەراسیۆنە لە کاتێکدایە رۆژانی 29 و30-5-2016 ھێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لەدژی چەکدارانی داعش لە میحوەری خازر دەستپێکرد، توانیان بەدرێژایی 23 کیلۆمەتر و بەپانتایی 5 بۆ 6 کیلۆمەتر، واتە زیاتر لە 125 کیلۆمەتر لە دەست چەکدارانی داعش دەربھێنن.
رووداو بووە سەرچاوەی کەناڵە جیهانییەکان
وێنە و ڤیدیۆ و زانیارییەكانی رووداو لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكە لەلایەن چەندین كەناڵی جیهانی بڵاوكرانەوە و وەك سەرچاوە پشتیان بە رووداو بەست.
دیمەنەکانی رووداو لە تۆڕی هەواڵی ئینێکس بڵاودەبنەوە. ئەو تۆڕە جیهانییە، کە رووداو ئەندامێکی چالاکە تێیدا، زیاتر لە 55 کەناڵی جیهانی، بە چەندین زمانی جیهانی لەخۆدەگرێت و ئەمڕۆ چەندین دیمەنی ئۆپەراسیۆنەکەیان بڵاوکردووەتەوە، کە هەر هەموویان لە رووداوەوە وەرگیراون.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی ئەسیۆشەیتد پرێس (AP) لە داڕشتنی تێکستی هەواڵەکەیدا، تۆڕی میدیایی رووداوی كردووەتە سەرچاوەی هەواڵەکە و ڤیدیۆی ئاژانسەکەش ئەو ڤیدیۆنانەن، کە لە شاشەی تەلەڤزیۆنی رووداوەوە پیشاندران.
هاوكات بەشەكانی ئینگلیزی، توركی و عەرەبی پۆرتاڵی رووداو سات بە سات بە وێنە و ڤیدیۆ و زانیاری ئۆپەراسیۆنەكەی پێشمەرگەیان رووماڵ كرد و، چەندین دەزگای راگەیاندنی بیانی سوودیان لە هەواڵەكانی پۆرتاڵی رووداو وەرگرتووە و وەك سەرچاوە بەكاریانهێناون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ