دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان: سێ تیرۆریستی داعش دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا لە پارێزگای سلێمانی توانیویانە "سێ تیرۆریستی داعش" دەستگیر بکەن و رادەستی یاسا کراون.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 14ـی ئابی 2023، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، سێ تیرۆریستی داعشیان دەستگیرکرد."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێزەکانی ئاسایش لەدوای بەدەستگەیشتنی زانیاریی هەواڵگری "لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی فیدراڵەوە، لەسەر بونی سێ داواکراو بە مادەی چواری تیرۆر، بە مەبەستی دەستگیرکردنی داواکراوان هێزەکانی ئاسایش بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، توانیان لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا تیرۆریستان دەستگیربکەن."
ئۆپەراسیۆنی یەکەم، بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە رۆژی 2ـی ئابی 2023 بووە و هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، دوو "تیرۆریستی داواکراو" بە ناوەکانی ( م. ع. ع)، ( م. ج. م) دەستگیرکردووە.
ئۆپراسیۆنی دووەمیش، وەکو دەزگای ئاسایش باسی دەکات، رۆژی یەکشەممە، 13ـی ئابی 2013 ئەنجامدراوە و بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، "تیرۆریستی داواکراو" بە ناوی ( س. ح. ع) دەستگیرکردووە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو کەسەی لە ئۆپەراسیۆنی دووەمدا دەستبەسەرکراوە، "لە ریزەکانی داعشدا کاری بردن و گواستنەوە و دابەشکردنی ماڵ و سامانی کوردانی ئێزدی بووە لە ناوچەی شنگال." باس لەوەش دەکات کە ئێستا "هەر سێ تیرۆریستی داواکراو" رادەستی یاسا کراون.