پارەی گەنم دابەش دەکرێت؛ 'گوژمەی داهاتوو بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستانە'
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق وەکو یەکەم گوژمە، دوو تریلیۆن دیناری پارەی گەنم بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکات. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، لە گوژمەی داهاتوو پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەدرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ی ئەیلوولی 2025، محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "بڕی دوو تریلیۆن دینارمان لە وەزارەتی دارایی وەرگرتووە و بەسەر جووتیارانی سەرجەم پارێزگاکان دابەشکراوە."
روونیشیکردەوە، "پرۆسەی دابەشکردنەکە بەپێی پێشینەی بەبازاڕکردن و بە میکانیزمێکی شەفاف کراوە، چاوەڕێی وەرگرتنی پارەی دیکەش دەکەین لە وەزارەتی دارایی، بە مەبەستی دابەشکردنیان بەسەر جووتیاراندا".
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرکات وەزارەتی دارایی پارەکە خەرج بکات، ئەوا لە گوژمەی داهاتوودا شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت."
بە گوتەی محەممەد حەنوون، کاریان کردووە بۆ "دادپەروەری لە خەرجکردنی شایستە داراییەکان بۆ سەرجەم جووتیارانی عێراق بەبێ جیاوازی و بەپێی پێشینەی وەرگرتن لە بنکەکانی بەبازاڕکردن."
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەرگرت، کە بەهاکەی 340 ملیار دینارە.
پشکی گەنمی وەرگیراوی پارێزگاکانی سلێمانی بە هەڵەبجەشەوە 158 هەزار تۆن بوو. نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی بە رووداوی گوت، "هیچ بڕە پارەیەک بۆ جووتیاران نەنێردراوە و نازانین کەی دەنێردرێت."
پشکی گەنمی وەرگیراو لە پارێزگای هەولێر 122 هەزار و تۆن و دهۆکیش نزیکەی 118 هەزار تۆن بوو.