26 هەزار ئاوارەی شنگال لە دهۆکەوە دەنگ بە بەربژێرانیان دەدەن

14-10-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 26 هەزار ئاوارەی دهۆک دەتوانن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەنگ بدەن، زۆربەیان ئاوارەی شنگالن، دەنگدەرانی ئەو قەزایە لەناو و دەرەوەی کەمپەکان بەربژێرانی خۆیان لە دهۆک دیاری دەکەن و دەنگەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ بازنەی نەینەوا.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆی 26 هەزار و 500 ئاوارە لە هەرێمی کوردستان دەتوانن دەنگ بدەن، لەو ژمارەیە 25 هەزار و 986 ئاوارە لە پارێزگای دهۆکن.
 
خالید عەباس، بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی سێشەممە بە  تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەنگدانەکە ئەو ئاوارانەش دەگرێتەوە لە دەرەوەی کەمپەکانن بەو مەرجەی خەڵکی شنگال بن و لە کۆمیسیۆن تۆمار کرابن."
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن 90%ـی دەنگدەرانی ئاوارەی شنگال لەنێو کەمپەکانن، 95%ـی تەواوی ئاوارەی نێو کەمپەکانی دهۆکیش خەڵکی ئەو قەزایەن.
 
کوردی ئێزدی لە نەینەوا  کورسییەکی کۆتای هەیە، شەش بەربژێر رکابەریی لەسەر دەکەن، ئەوە جگە لە لیستێکی تایبەت بە کوردانی ئێزدی و بەربژێری دیکەی کوردی ئێزدی لە نێو لیستە رکابەرەکانی نەینەوا.
 
بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێ: "هیچ رێگرییەکی یاسایی نییە لەوەی بەربژێرانی شنگال سەردانی کەمپی ئاوارەکان لە دهۆک بکەن بەمەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن."
 
پشکی نەینەوا 34 کورسییە لە پەرلەمانی عێراق، سێ لە کورسییەکانی نەینەوا کۆتای کریستیان و کوردانی شەبەک و ئێزدین.
 
حەسەن سەلمان، راوێژکاری یاسایی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەنگی ئاوارەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگای نەینەوا و لەسەر ئەنجامی دەنگەکانی ئەو پارێزگایە هەژمار دەکرێت."
 
نزیکەی 8 هەزار بەربژێر رکابەری دەکەن بۆ 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق لەو هەڵبژاردنەی بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی گەنجە بێسەروشوێنبووەکە

تورکیا گەنجێکی کورد رادەستی گرووپە چەکدارەکانی سووریا لە عەفرین دەکاتەوە

هاونیشتمانییەک دەڵێت، برازایەکی دوای ئەوەی ویستوویەتی بچێتە ئەورووپا و لە تورکیا دەستگیرکراوە، رادەستی گرووپێکی چەکدار کراوەتەوە لە عەفرین و چارەنووسی نادیارە. بەرپرسی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت: "هەر ئەمڕۆ بەدواداچوونی بۆ دەکەین".