كێ‌ شوێنی خالید عەزیزی دەگرێتەوە؟

14-11-2016
فواد حەقیقی
نیشانەکردن خالید عەزیزی
A+ A-

رووداو- هەولێر

دانانی سكرتێرێكی نوێ بۆ حیزبەكەیان، ئەندامانی حیزبی دێموكراتی كوردستان (حدك)ی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردووە. لە نێو ئەندامانی ئەو حیزبەدا باس لە سێ‌ كەس بۆ جێگرەوەی سكرتێری پێشوو دەكرێ‌. یەكێكیان جێگرەكەیەتی و زۆرترین چانسیشی هەیە. خۆیشی دەڵێت "پێم ناخۆش نییە ببمە سكرتێری حیزب".

دەمێك بوو خالید عەزیزی، سكرتێری حیزبی دیموكراتی كوردستان بەنیاز بوو دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت، بۆ ئەوەی پشێوی نەكەوێتە نێو حیزبەكەی، دوای خستبوو. رۆژی 12/11/2016 نامەی دەستلەكاركێشانەوەی عەزیزی لە سكرتێری گشتیی حدك، بڵاوكرایەوە. بەبێ‌ ئەوەی هۆكارەكەی ئاشكرا بكات.

بەپێی زانیارییەكان دەفتەری سیاسی حدك خەریكی تاوتوێكردنی جێگرەوەیەكە بۆ خالید عەزیزی، سكرتێری گشتی حدك. لەنێو ئەندامانی حدكدا باس لەوە دەكرێ حیزبەكەیان تا رادەیەكی زۆر یەكلایی بووەتەوە لەسەر ئەوەی مستەفا مەولودی، جێگری سكرتێر، جێی خالید عەزیزی بگرێتەوە.

مستەفا مەولودی بە (رووداو)ی گوت "هێشتا بە تەواوی یەكلایی نەبوونەتەوە كە كێ وەك سكرتێر دیاری دەكرێ. لە رۆژانی داهاتوودا سەركردایەتیی حدك كۆدەبێتەوە و ئەو پرسە تاوتوێ‌ دەكات. دوای ئەوە پلینیۆمی كۆمیتەی ناوەندی بەڕێوەدەچێت و پرسی سكرتێری گشتی یەكلا دەكرێتەوە".

بۆ جێگرتنەوەی خالید عەزیزی باس لە سێ‌ كەس دەكرێ، ئەوانیش مستەفا مەولودی كە ئێستا جێگری سكرتێری حدكە. مستەفا شەڵماشی، ئەندامی دەفتەری سیاسی یەكێكی دیكەیە لە جێگرەوە چاوەڕوانكراوەكان. هەروەها ئاسۆ حەسەنزادە، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی حدك ناوی وەكو جێگرەوەی عەزیزی بڵاوكراوەتەوە.

بەڵام لەنێو ئەو سێ كەسەدا مستەفا مەولودی زۆرترین شانسی هەیە. ئەوانەی لایەنگری ئەون، دەڵێن: ئەو لەو ماوەیەدا كە جێگری سكرتێر بووە، بە كردەوە كاروباری حیزبی راپەڕاندووە و لە بەڕێوەبەریدا كەسێكی شیاو و لێهاتووە.

هەرچەندە سەركردایەتیی حدك هێشتا بۆ ئەو پرسە كۆنەبووەتەوە و پشتگیری خۆی بۆ هیچ كام لەو سێ‌ كەسە رانەگەیاندووە، بەڵام مستەفا مەولودی دەڵێت "خۆم پێم ناوخۆش نییە ببمە سكرتێری گشتیی حیزب، چونكە ئەوە شانازییەكی گەورە و مێژووییە، ئەگەر كۆدەنگیی لەسەر من هەبێت ئەوە بە شانازییەوە ئەو بەرپرسیارێتییە وەردەگرم". گوتیشی "هێشتا ئەو پرسە بە تەواوەتی یەكلایی نەبووەتەوە، چونكە جارێ لە رێبەریدا خەریكی تاوتوێكردنی ئەو بابەتەن و هێشتا بە ئەنجامی كۆتایی نەگەیشتوون".

خالید عەزیزی، سكرتێری گشتی حدك، ماوەیەك لەمەوبەر لە دوایین كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندی ئەو حیزبەدا دەستلەكاركێشانەوەی خۆی بە كۆمیتەی ناوەندی راگەیاند.

مستەفا شەڵماشی لە كۆنگرەكانی چوار و پێنج و شەشی حیزبی دێموكراتدا ئەندامی سەركردایەتی بووە. دوای ئەوە چووەتە دەرەوەی وڵات و ئێستا بەرپرسی كاروباری دەرەوەی وڵاتە، بەڵام چانسی بوون بە سكرتێری حدكای لە دوو كەسەكەی دیكە كەمترە.

ئاسۆ حەسەنزادە، كوڕی عەبدوڵڵا حەسەنزادە، سكرتێری پێشووی حیزبی دیموكراتە و لەنێو شۆڕشدا گەورە بووە. ئەو لە فەرەنسا خوێندنی تەواو كردووە. ئەوە دوو كۆنگرەیە وەك ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێ. رەنگە ئەو پشتئەستوور بێ‌ بە خەباتی باوكی لە نێو حیزبدا، بەڵام دەگوترێ‌ عەبدوڵڵا حەسەن زادە لەگەڵ ئەوەدا نییە كوڕەكەی ببێتە سكرتێری گشتیی حدك. (رووداو) پەیوەندی بە د.ئاسۆوە كرد، بەڵام ئەو گوتی قسە لەسەر ئەو پرسە ناكات.

خالید عەزیزی لە كۆنگرەی 16ی حدكدا وەك سكرتێری گشتی هەڵبژێردرا. ئەو كۆنگرەیە مانگی شوباتی 2016 بەڕێوەچوو. لە نامەیەكدا كە بۆ ئەندامانی حدك بڵاوی كردووەتەوە، خالید عەزیزی دەڵێ "ئەو كات بەپێچەوانەی مەیلی خۆم و تەنیا بۆ بەرگریكردن لە شێوازی كۆنگرە و لە رووی مەجبووری و هەست بە مەسئولیەت" بەرپرسیارێتییەكەی قبوڵ كردووە.

هەتا كۆنگرەی 16 بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حدك، هەر كەسێك دەیتوانی تەنیا دوو خولی چوار ساڵە سكرتێری گشتیی حیزب بێت، بەڵام لە دوایین كۆنگرەكەدا ئەو خاڵەی لەبەر مانەوەی خالید عەزیزی هەموار كرا. هۆكارەكەشی ئەوە بوو كە زۆرینەی رەهای ئەندامانی كۆنگرە لەگەڵ مانەوەی عەزیزی بوون. خالید عەزیزی لە نامەی وازهێنانیدا دەڵێ "زۆربەی ئەندامانی كۆنگرە هۆڵی كۆنگرەیان چۆڵ كرد و داوایان ئەوە بوو كە من لە پۆستی خۆمدا بمێنمەوە".

مستەفا مەولودی، قسەكەی خالید عەزیزی پشتڕاست دەكاتەوە كە پێش كۆنگرەی 16ی حدك گوتبووی چیدیكە نایەوێت وەك سكرتێری گشتی بمێنێتەوە. بەڵام لەبەر هاتنە ئارای كەشێكی تایبەت لە كۆنگرە، بڕیاری دا وەك سكرتێر بمێنێتەوە و لە كاتێكی گونجاودا ئەو بڕیارە بدات.

خالید عەزیزی ساڵی 2008 لە كۆنگرەی 14ی حدكدا وەك سكرتێری گشتی هەڵبژێردرا. دوای جیابوونەوەی حدك لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران (حدكا)، بووە یەكەم سكرتێری حدك.
مستەفا مەولودی دەڵێ "كەلێنی عەزیزی بە حیزبەكەمانەوە دیار دەبێت و بە زەحمەت جێگای پڕ دەكرێتەوە".

خالید عەزیزی كە ساڵانێك لە دەرەوەی وڵات ژیاوە، پێیوایە پرسی كورد لە ئێران بە چەك چارەسەر ناكرێ‌ و لەگەڵ دیالۆگە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر ئەمەش چەند جارێك رووبەڕووی رەخنەی حیزبەكانی دیكەی رۆژهەڵات و تەنانەت هەندێك لە ئەندامانی حیزبەكەشی بووەتەوە. عەزیزی تەنیا دەستی لە پۆستی سكرتێری گشتیی حدك  هەڵگرتووە و وەكو ئەندامی سەركردایەتیی ئەو حیزبە دەمێنێتەوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە