رووداو دیجیتاڵ
جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت، دەیانزانی هێرش دەکرێتە سەر بارەگاکانیان، بۆیە هەموو ئامادەکارییەکیان کردبوو، سەنگەرەکانی خۆیان تووندوتۆڵکردبوو ئاکامەکەشی ئەوەبوو ئەمڕۆ هیچ زیانێکی گیانییان نەبوو، دەشڵێت: هەرگیز بارەگاکانیان چۆڵناکەن.
رەزا کەعبی، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "دەمانزانی کۆماری ئیسلامی هێرش دەکات، جگە لە هەڕەشە و پڕوپاگەندەکان لە سنوورەکانیش جموجووڵی سەربازییان زۆربوو، فەرماندەکانی سوپای پاسداران بەردەوام ناوی کۆمەڵەیان دەهێنا لەبەر ئەوەی پێیانوابوو کۆمەڵە کاریگەری لەسەر خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەیە، رێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵە لە هەموو شارەکان چالاکییان هەبووە".
رەزا کەعبی دەڵێت، وەکو ئامادەکارییەک بۆ هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئێران، 10 رۆژ پێش ئێستا لە ناوخۆی خۆیاندا ئامادەیی تەواویان راگەیاند و هەموو ئامادەکارییەکیان کردبوو، سەنگەرەکانی خۆشیان تووندوتۆڵکردبوو، "ئاکامەکەشی ئەوەبوو ئەمڕۆ هیچ زیانێکی گیانیمان نەبوو."
رۆژی دووشەممە 14-11-2022 جارێکی دیکە ئێران لە رێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرشی کردە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری کۆیە لە پارێزگای هەولێر و زڕگوێز لە پارێزگای سلێمانی، لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو هاونیشتمانی لە کۆیە گیانیان لەدەستداوە و شەشیش هەن، کە بریندارەکان و یەکێک لەوانەی گیانیان لەدەستداوە پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتە.
ئێران بوونی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە بنکە و بارەگاکانیان لە هەرێمی کوردستانە بە هەڕەشە بۆ سەر خۆی دەزانێت، بەڵام رەزا کەعبی دەڵێت، هیچ کاتێک لە هەرێمی کوردستانەوە هەڕەشە نەبوونە بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەردەوام دۆخی هەرێمی کوردستان و بەرپرسیارێتییەکانی هەرێمی کوردستانیان لەبەر چاو گرتووە.
لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا ئەوە دووەم جارە هێزەکانی ئێران بە مووشەک و درۆن هێرش دەکەنە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆیە و زڕگوێز.
جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، دەڵێت: بیانووەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەستە بە خۆپێشاندانەکانی ئێرانەوە کە ناوچەیەکی فراوانی گرتووەتەوە و حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش رۆڵی گەورەیان لەو خۆپێشاندانانە هەیە، ئەو حیزبانە ژمارەیەکی زۆر لایەنگرییان هەیە.
رەزا كەعبی پێیوایە ئێران بەو هێرشانە بۆ سەر حیزبەکان دەیەوێت دەنگی ناڕەزایی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کپ بکات، بەڵام نەیتوانیوە ئەو کارە بکات و سەرکەوتوو نەبووە.
رەزا کەعبی، گوتیشی: یەکێک لە ئامانجەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرێمی کوردستان و عێراقە، چونکە کاریگەریی ئێران لە عێراق لاوازبووە.
دوای هێرشەکەی ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران جارێکی دیکە داوای چەککردنی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد.
بەڵام جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان گوتی: "هەرگیز شتی وا روو نادات و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەو پێگەیەدا نییە گەمارۆ بخاتە سەر هەرێمی کوردستان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ