لە سەنتەری هەولێر دەست بە دابەشکردنی نەوتی ماڵان دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوتەی بەرپرسانی دابەشکردنی نەوتی ماڵان، پرۆسەی دابەشکردن لە سلێمانی بەردەوامە، لە دهۆک چوار هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە، لە هەڵەبجە ئەوانەی پار وەریاننەگرتووە ئەمساڵ وەریان نەگرتووە و لە 26ـی ئەم مانگەشەوە لە سەنتەری شاری هەولێر دابەشکردنی نەوت دەستپێدەکات.
 
دابەشکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە 28ـی مانگی رابردووەوە دەستیپێکردووە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-11-2023، سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سلێمانی بۆ دابەشکردنی نەوت کراوە بە 10 مەڵبەندەوە. ساڵی رابردوو شەش مەڵبەند نەوتی وەرگرت و ئەمساڵ لە مەڵبەندی حەوت"ـەوە دەستیان پێکردووە و دابەشکردن بەردەوامە.
 
لەبارەی ئەو خێزانانەی پار نەوتیان وەرگرتووە و ئەمساڵ هێشتا وەریان نەگرتووە، سەلام عومەر گوتی، "ئێستا لە دوا مەڵبەندداین کە مەڵبەندی 10یە؛ ئەوێ تەواوبوو دەگەڕێینەوە مەڵبەندی یەک بۆ ئەوەی ئەوانەی ئەمساڵ وەریان نەگرتووە و نەوت وەربگرن".
 
"لە سەنتەری دهۆک زیاتر لە چوار هەزار ماڵ نەوتیان وەرگرتووە"
 
موحسین تەها، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە 12ـی ئەم مانگەوە دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شاری دهۆک دەستیپێکردووە؛ گوتیشی، دابەشکردنەکە بەردەوامە و تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە چوار هەزار بەرمیل بەسەر چوار هەزار خێزاندا دابەشکراوە؛ پڕۆسەکە بە خێرایی بەڕێوەدەچێت".
 
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، دابەشکردنی نەوت پێش دهۆک لە سەنتەری زاخۆ دەستیپێکرد و "زۆر زیاتر" لە دهۆک لەوێ دابەشکراوە؛ گوتیشی، دوێنێ سێشەممە دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری قەزای ئاکرێ دەستیپێکرد.
 
"لە هەڵەبجە دابەشکردنی نەوت بەردەوامە و لە هەولێریش دەستپێدەکات"
 
لەبارەی دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری هەڵەبجە، ژیار ئەکرەم، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەڵەبجە ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە 21ـی مانگی رابردووەوە نەوت لە سەنتەری هەڵەبجە دابەش دەکەن و ئەو خێزانانەی ساڵانی رابردوو وەریان نەگرتووە یەکی بەرمیلێکیان پێدراوە.
 
ژیار ئەکرەم گوتیشی، "ئێستا لە ناحیەی سیروان نەوت دابەش دەکەین. تاوەکو نەوتمان بۆ بنێردرێت ئێمەش دابەشی دەکەین و دووبارە دەگەڕێینەوە سەنتەری هەڵەبجە".
 
لە سەنتەری هەولێر تاوەکو ئێستا نەوت دابەشنەکراوە. دوێنێ سێشەممە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "پڕۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بەشێوەیەكی خێرا بەڕێوەدەچێت و 94 ملیۆن و 760 هەزار و 400 لیتر بەسەر 473 هەزار و 808 خێزاندا دابەشکراوە. بڕیاریشە 26ـی ئەم مانگە نەوت لە سەنتەری شاری هەولێر دابەشبکرێت".
 
04-10-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکردووە کە هەر ماڵێک بەرمیلێکی 200 لیتری پێدەدرێت. نرخی بەرمیلێک نەوت 104 هەزار دینارە کە چوار هەزاری بۆ کرێی گواستنەوەیە.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 285 هەزار خێزان هەن. ساڵی رابردوو لەو ژمارەیە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نەوتی بەسەر زیاتر لە 383 هەزار خێزانی ناوچە شاخاوییەکاندا دابەشکرد. لە 20ـی ئۆکتۆبەرەوە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکرد و تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئادار بەردەوام بوو.
 
ساڵی رابردوو زۆرترین نەوت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر دابەشکرا، زیاتر لە 31 ملیۆن لیتر بوو؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی زیاتر لە 24 ملیۆن لیتر؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک زیاتر لە 15 ملیۆن لیتر و لە ناوچە شاخاوییەکانی هەڵەبجەش زیاتر لە 639 هەزار لیتر نەوتی سپی دابەشکرا.