لە مەلەتی و ئێلیهـ چوار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەست دا

14-11-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە پارێزگاکانی مەلەتی و ئێلیهـ-ی باکووری کوردستان، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و چواری دیکەش بریندار بوون.
 
درەنگی شەوی رابردوو 13ی تشرینی دووەمی 2025 لە پارێزگای مەلەتی لەسەر رێگەی سەرەکیی مەلەتی - خارپێت نزیک گەڕەکی چامورلو بارھەڵگرێک و پاسێکی شارەوانی پێکیاندا دا و بەو هۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و سێی دیکەش بریندار بوون.
 
لە رووداوەکەدا جەنگیز ئۆزەن (27 ساڵ) و ئەحمەد چەلیک (30 ساڵ) گیانیان لەدەستدا، هەریەک لە (س.چ.، م.چ. و ن.ب.) بریندار بوون.
 
رووداوەکەی دیکە درەنگی هەمان شەو لە پارێزگای ئێلیهـ روویدا. لەسەر رێگەی بازنەیی باشوور ئۆتۆمبێلێک خۆی بە پشتەوەی بارھەڵگرێکدا کێشا کە بە هەمان ئاراستەدا دەڕۆیشت. بەهۆی کاریگەریی پێکدادانەکە، ئۆتۆمبێلەکە لە کۆنترۆڵ دەرچوو و وەرگەڕا.
 
لە رووداوەکەدا دوو منداڵ کە لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستدا و شۆفێرەکەش بریندار بوو.
 
دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی فریاگوزاری، پۆلیس، ئافاد و بەرگری شارستانی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
 
تەرمی دوو منداڵەکە بۆ پزیشکی داد و شۆفێرە بریندارەکەش بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری ئێلیهـ گوێزرانەوە. 
 
بەگوێرەی داتای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم، 562 هەزار و 471 رووداوی هاتووچۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان روویانداوە، لە ئەنجامیاندا دوو هەزار و 129 کەس گیانیان لەدەستداوە و 344 هەزار و 200 کەس بریندار بوون. 
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا سەرەتای ئەم مانگە رایگەیاند، لە ساڵی 2024ـدا 6 هەزار و 351 کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە