ئەمڕۆ هەینی 14-11-2025، 241 ساڵ بەسەر بنیاتنانی شاری سلێمانی لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە تێدەپەڕێت و تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵێکی تایبەت بە دامەزراندنی شارەکەی بە میوانداریی چەندین کەسایەتیی شارەکە ئەنجام دا.
سەرەتا ئەختەر رەئووف، خاوەن یەکەم نووسینگەی شۆفێریی تایبەت بە ژنان لە سلێمانی رایگەیاند، ''تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 هەزار ژن و کچی سلێمانیم فێری شۆفێری کردووە.''
لەبارەی هۆکاری هەڵبژاردنی بواری راهێنانی شۆفێری وەک پیشەی خۆی، ئەختەر رەئووف دەڵێت، ''بە منداڵی باوکم بردمی بۆ بەغدا، بینیم ژنان تاک تاک ئۆتۆمبێلیان لێدەخوڕی. ئەوکاتە حەزم کرد ژنان و کچان فێری شۆفێری بکەم.''
بە گوتەی خۆی، لە تەمەنی 8 یان 9 ساڵییەوە فێری شۆفێری بووە و گوتی، ''کاتێک سێ برام شەهید بوون، جلوبەرگی پیاوانەم لەبەرکرد، دامنەکەندن تاوەکو خودا دوو برای دیکەی پێدام. ئیدی خۆم فێری شۆفێری کرد و باوکیشم پێی خۆش بوو.''
ئەختەر رەئووف کە لەدایکبووی ساڵی 1955ـە، دەڵێت، ''حەوت کوڕ و کچم هەیە و خۆم هەموویانم فێری شۆفێری کردووە. ئێستاش بەردەوام ئۆتۆمبێلم پێیە و لێدەخوڕم.''
''بناخەی هزری سەربەخۆیی لە سەردەمی بابانەکان دانراوە''
محەممەد فاتیح بابانی، نەوەی حەوتەمی ئیبراهیم پاشای بابان یەکێک لە میوانەکانی بەشدار لە رووماڵەکەی رووداو بوو و گوتی، ''بێگومان بناخەی سەرەکیی بیری سەربەخۆیی لە سەردەمی میرایەتیی بابان دانراوە، ئەویش عەبدولڕەحمان پاشای بابان بووە و لە ئەدەبیاتی کوردیشدا رەنگدانەوەی لە شیعرەکانی عەلی بەردەشانی هەبووە.''
ئەو نەوەیەی میرانی بابان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو شاعیرە لە شیعرەکانیدا باسی لەوە کردووە کە چۆن میرانی بابان رووبەڕووی هێزی دووژمنانی کوردستان بوونەتەوە و سەربەخۆیی کوردستانیان راگەیاندووە.
لەبارەی سەرهەڵدانی هزری سەربەخۆیی لە سلێمانی، محەممەد فاتیح بابانی رایگەیاند، ''دەبێت بگەڕێینەوە بۆ پێشینەکەی. ئیبراهیم پاشای باپیرەمان کە ئەم شارەی بنیاتناوە، ویستوویەتی شارێکی سەردەمییانە دروست بکات کە هاوشانی بەغدا یان سنە بێت.''
هەروەها گوتیشی، ''لەبەر ئەوەی ئیبراهیم پاشا بەر لەوەی ببێتە میری میرنشینیی بابان و شاری سلێمانی دروست بکات، لە قوتابخانەی (موستەنسرییە)ـی بەغدا خوێندوویەتی، کاریگەریی ئەو شارەی لەسەر بووە. هەروەها زۆربەی ئەو تەلارسازانەی کە سلێمانییان دروست کردووە، خەڵکی سنە، مهاباد و مەریوان بوون.''
ئەو نەوەیەی میرانی بابان دەڵێت، یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی میرانی بابان، دروستکردنی قوتابخانە و مزگەوتەکان بوو لە سلێمانی و گوتی، ''سەرەتا ئیبراهیم پاشای بابان مزگەوتی گەورە و مزگەوتی شێخ ئەمینی خاڵی دروست کرد. دواتر عەبدولڕەحمان پاشا مزگەوتی سەید حەسەنی دروستکرد و مەحموود پاشای دووەمیش مزگەوتی خانەقا.''
بە گوتەی محەممەد فاتیح بابانی، ئەو مزگەوتانە رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە پێگەیاندن و خوێندەواربوونی خەڵک. ''بۆ نموونە، بەشێکی هەرە زۆری شاعیرە گەورەکانی مێژووی گەلەکەمان و سێ کوچکەی بابان کە نالی، سالم و کوردین، لە هەناوی ئەم مزگەوتانەوە فێری خوێندەواری و شیعر و ئەدەبیات بوون.''
وەک ئەو نەوەیەی میرانی بابان دەڵێت، جگە لە مزگەوتەکان، میرانی بابان قوتابخانەی ئەدەبیاتی بابانیشیان لە سلێمانی دامەزراند.
محەممەد فاتیح بابانی هەروەها گوتی، میرانی بابان وەک یەکێک لە پێوەرە سەرەکییەکان بۆ بوون بە دەوڵەت ''توانییان ئەم شێوەزارەی کە قسەی پێدەکەین و پێی دەگوترێت کورمانجی خوارووی ناوەندی دروست بکەن، بۆ ئەوەی سەرجەم دانیشتووانی میرنشینەکە لە خەڵکی لوڕستانەوە بگرە تاوەکو ئەوانەی بە کورمانجی، گۆرانی و هەورامی قسەیان کردووە، شێوەزارێکی هاوبەشیان هەبێ بۆ قسەکردن.''
ئەو نەوەیەی میرانی بابان ئاماژەی بەوەش کرد کە ''هەموو ئەو کارانە و دروستکردنی شاری سلێمانی بە کوردی، وایکرد عەبدولڕەحمان پاشای بابان لە ساڵی 1807 دەرگەی دەربەند-بازیان دابخات، بەرامبەر لەشکری عوسمانی بوستێتەوە و بەرگرییەکی زۆر و شەڕێکی گەورە بکات.''
''والی بەغدا و نەیارانی کورد دژایەتیی میرانی بابانیان کرد''
هاوکات موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری رۆشنبیریی سلێمانی گوتی، ''هێشتا ئەو زمانە (شێوەزار) ماوە کە بابانەکان لە قوتابخانەی ئەدەبیاتی بابان [دروستیان کرد]، بەڵام زمان بوونەوەرێکی زیندووە و ناتوانێت لە قۆناخێکدا بمێنێت و هەموو کات لە [گۆڕانکاری و ] گەشەسەندندایە.''
بە گوتەی موحسین ئەدیب، سلێمانی نەوەک تەنیا وەک شارێکی ئاسایی، بەڵکو لە سەرەتاوە وەک پایتەختی میرانی بابان دروست کراوە و گوتی، ''دوای دروستکردنی سلێمانی، والیی بەغدا و نەیارانی کورد، زۆر دژایەتیی میرنشینانی بابانیان کرد، بەجۆرێک کە رێگەیان نەدا هیچ میرێک بەبێ کێشە رۆژ بکاتەوە.''
هەر لە رووماڵەکەدا خۆشناو عومەر بەگ، زێڕنگەری کۆنی سلێمانی ئاماژەی بە پێشینەی جووەکان لە سلێمانی کرد و گوتی، ''زۆر وریا بوون و بەردەوام دەستیان بۆ پیشەیەک دەبرد کە داهاتێکی تایبەتی هەبوو.''
وەک خۆشناو عومەر بەگ دەڵێت، جووەکان بە دەگمەن رێگەیان دا دانیشتووانی شارەکە فێری پیشەکەیان بن و گوتی، ''تەنیا کاتی گەڕانەوەیان بۆ ئیسرائیل، باپیرەم باوکم و مامم دەباتە لای یەکێک لە جووەکان و بە شەش مانگ فێریان دەکات.''
هەروەها محەممەد فاتیح بابانی، لەبارەی پێشینەی جووەکان لە سلێمانی گوتی، ''بەر لەوەی شارەکە دابمەزرێت، گوندەکانی ناوچەکە جوو و کلدانی تێدا ژیاوە و دواتریش لە سلێمانی ماونەتەوە''.
لە کۆتایی رووماڵەکەدا، نەوەی میرانی بابان، گوڵەیەخەیەکی بەخشییە محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو کە وێنەی ئاڵای میرنشینی بابان و ئاڵای کوردستانی لەسەرە و گوتیشی، ''وەک هێمایەک بۆ چالاکی و سەرکەوتووبوون دەبەخشرێتە ئەندامانی بنەماڵەی بابان، مامۆستایان و کەسایەتیی چالاکی کۆمەڵگە. ئێستاش وەک پێشکێشکارێکی سەرکەوتوو بە تۆ بەخشراوە.''
شاری سلێمانی لە ساڵی 1784 لەلایەن ئیبراھیم پاشای بابان بنیاتنرا و بووە پایتەختی میرنشینی بابان. ئیبراھیم پاشا شارەکەی بە ناوی باوکی، سلێمان پاشا، ناونا. ئێستا سلێمانی بە پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان ناسراوە.