مادە هۆشبەرەکان: هەوڵدەدرا هەرێمی کوردستان بکرێتە ناوەندی ساخکردنەوەی کەپتاگۆنی سووریا

14-12-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی کەپتاگۆن لەو وڵاتەدا، "کاریگەری ئەرێنی" لەسەر تەواوی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
ئەمڕۆ شەممە (14ـی کانوونی یەکەمی 2024)، نەقیب ئەرکان بیبانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵدەدرا هەرێمی کوردستان بکرێتە ناوەندێک بۆ ساخکردنەوەی کەپتاگۆن و بەبازاڕ بکرێت، بەڵام توانیومانە بەشێوەیەکی زۆرباش رێگری لێبکەین".
 
ئەرکان بیبانی گوتی: "لەنێو دەستگیرکراوانی تۆمەتی بازرگانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک بازرگان و ساخکەرەوە هەن کە هەڵگری رەگەزنامەی سووریان و هەوڵیانداوە لێرە حەبەکان ساخ بکەنەوە، بەڵام هەوڵەکانیان شکست پێهێنران".
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان ئاماژەی بەوەشکرد، هاوئاهەنگیی بەردەوام و تەواویان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق هەیە و بەردەوام زانیاری ئاڵوگۆڕ دەکەن، بۆ زیاتر تووندوتۆڵکردنی سنوورەکانیش رێکاری دیکەیان گرتووەتەبەر".
 
بە گوتەی نەقیب ئەرکان بیبانی، لە سەرەتای ئەم ساڵ تاوەکو یەکی ئەم مانگە، هەزار و 439 تۆمەتباری مادە هۆشبەرەکان لە هەولێر و دهۆک دەستگیرکراون، کە 677 کەسیان بەکارهێنەر و 762ـیشیان بازرگان بوون، بەشێکیان گەورە بازرگانیی نێودەوڵەتی بوون.
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان دەڵێت، هەر لەو ماوەیەدا دەستیان بەسەر زیاتر لە 465 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر، زیاتر لە 45 کیلۆگرام حەبی هۆشبەر و 29 شیت حەبی پزیشکیی هۆشبەردا گرتووە.
 
نەقیب ئەرکان بیبانی گوتی: "ساڵی رابردوو هەڵمەتی فراوان لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کراوە و توانراوە زیاتر لە دوو تۆن و 343 کیلۆگرام حەبی هۆشبەر دەستیان بەسەردا بگیرێت کە زۆرینەی رەهایان لە جۆری کەپتاگۆن بوون، ئەم ساڵیش لەو 45 کیلۆگرام حەبەی دەستی بەسەرداگیراوە زۆربەی حەبی کەپتاگۆن بووە".
 
دوای رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوبوونەوە کە تێیدا بڕێکی زۆر حەبی کەپتاگۆنی کۆگاکراو دەرکەوتن، بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، ئەو حەبانە لە یەکێک لە کۆشکەکانی ماهر ئەسەد، برای بەشار ئەسەد بووە و لەلایەن چەکدارانی هەتەشەوە دەستیان بەسەرداگیراوە و دواتر لەنێوبراون.
 
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی تۆڕی چاودێری سیاسی و ئابووری کە لەلایەن بەریتانیاوە پارەدار کرا، پێش رووخانی حکومەتی سووریا ساڵانە رژێمی ئەسەد دوو ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری لە فرۆشتنی کەپتاگۆن دەستدەکەوت.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە