رووداو - هەولێر
ئیمراڵی، ئەو دوورگەیەیە کە هاوشێوەی سێگۆشەی بەرمۆدا هیچ فڕۆکەیەک بۆی نییە بە ئاسمانیدا بفڕێت. ماسیگرتن لە نزیک ئەوێ قەدەخەیە. کەس بۆی نییە سەردانی ئەم دوورگەیە بکات بەبێ مۆڵەتی حکومەتی تورکیا.
هۆکاری هەموو ئەمانە، ئەو زیندانەیە کە بە بەرزی 217 مەتر لە ئاستی دەریا لە دورگەکەدا دروستکراوە. زیندانێک، کە کەسایەتییە مەزنەکانی تێدا بەند دەکرێت.
ئەم دوورگەیە کە ئێستا عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستانی تێدا بەندکراوە، پێشتر لە ساڵی 1961دا هەریەک لە عەدنان مەندەرێس، سەرۆکوەزیران، فەتین روشدی زۆرلو، وەزیری دەرەوە و حەسەن پۆلاتکان، وەزیری ئەوکاتەی دارایی تورکیای تێدا بەندکرابووون، کە دوای کودەتایەکی سەربازی دەستگیرکران و دواتریش لەسێدارەدران.
هەروەها، بیلی هایس، نووسەری بەناوبانگی ئەمریکای تێدا بەندکراوە کە بە رۆمانێک بەناوی "شەمەندەفەری خێرای نیوەشەو" ژیانی خۆی لە دورگەکە گێڕاوەتەوە.
ئیمراڵی، دوورگەیەکی بچووکە کەوتووەتە خوارووی دەریای مەرمەرە بەرامبەر لێوارەکانی بورسا لە رۆژئاوای تورکیا. تورکەکان لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە ئەم دورگەیەیان لە دژی دژبەرانیان بەکارهێناوە.
لەکاتی شەڕی ئیمپراتۆریی بیزانس و عوسمانییەکان دوورگەکە لە لایەن یەکەم ئەدمیرالی دەریاوانی عوسمانی بەناوی ئەمیر ئالی داگیرکراوە، باس لەوە دەکرێت ناوەکەشی لە ناوی ئەو فەرماندەیەوە هاتبێت.
دوای کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان تورکیا بە سەرکردایەتی ئەتاتورک و یۆنانییەکان، لە ساڵی 1935دا زیندانێک لەسەر دوورگەکە دروستکرا و پاشان بنکەیەکی سەربازیشی لێ جێگیرکرا.
لە ساڵی 1999 دوای دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سزادانی بە زیندانی هەتاهەیی، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ دوورگەی ئیمراڵی گواسترایەوە و ناوی ئیمراڵی لە فەرهەنگی سیاسی کورد دا جێیگرت.
ئامانجی تورکیا لە بەندکردنی ئۆجەلان لەو دوورگەیە، دابڕاندنی بوو لە پێشهاتەکانی باکووری کوردستان، بەڵام دوای چەندین ساڵ، حكومەتی تورکیا دەرگا داخراوەکانی بەڕوویدا کردەوە و ئۆجەلان هاتە نێو پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد و ئیمراڵی بووە ناوەندێکی بڕیاری سیاسی. گرنگترین پەیامی ئۆجەلان دوای دیداری شاندێکی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە، لە نەورۆزی 2013 دا لە ئامەد خوێندرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ