سامانە سرووشتییەکان: بەهۆی هێرشی میلیشیاکانەوە هیچ بەرهەمێکی نەوتی نەماوە هەناردە بکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی راگەیێندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراقدا دەڵێت، بەغدا راستییەکانی چەواشە کردووە. وەزارەتەکە ئاماژە بەوە دەکات بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانەوە بەرهەمهێنانی نەوت وەستاوە و بەغداش ئامادە نییە رێگرییان لێ بکات.
 
ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە، کە تێیدا هەولێر تۆمەتبار کرابوو بەوەی "ئامادە نییە نەوت لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە بکات."
 
سامانە سرووشتییەکان لە شەش خاڵدا روونکردنەوەی داوە و دەڵێت، بەیاننامەکەی بەغدا بابەتەکەی شێواندووە و دەیەوێت رای گشتی چەواشە بکات.
 
لە خاڵی دووەمی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "حکومەتی ئێستای بەغدا لە مانگی یەکەوە گەمارۆیەکی خنکێنەری بە بیانووی جێگیرکردنی سیستمی ئاسیکۆدا خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان و رێگە نادات دۆلار بۆ بازرگانەکان بەردەست بێت. لەوکاتەوە هیچ جووڵەیەکی بازرگانی نەماوە."
 
وەزارەتەکە ئاماژە بە هێرشە بەردەوامەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکان دەکات و رایدەگەیێنێت: "میلیشیا لەیاسادەرچووەکان هەموو کێڵگە و پاڵاوگەکانی نەوت و گازیان کردووەتە ئامانج؛ لە ئەنجامی ئەم هێرشە تیرۆریستییانەدا، بەرهەمهێنان وەستاوە و هیچ بەرهەمێکی نەوتی لە کوردستان نەماوە تاوەکو هەناردەی دەرەوە بکرێت."
 
سامانە سرووشتییەکان رەخنەی تووند لە حکومەتی عێراق دەگرێت و دەڵێت: "بەغدا ئامادە نییە رووبەڕووی ئەو هێرشانە ببێتەوە و تاوەکو ئێستا هیچ رێکارێکی کاریگەر بەدی ناکرێت بۆ وەستاندنیان."
 
هەروەها باس لە دۆخی دارایی دەکات و دەڵێت: "بەشێکی زۆری ئەم هێرشبەرانە لە بەغدا مووچە وەردەگرن، پڕچەک دەکرێن و پارەدار دەکرێن، لەکاتێکدا مووچەی خەڵکی کوردستان هەمیشە دوا دەکەوێت و کەمتر لە گوژمەی پێویست دەنێردرێت."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان چەندین جار داوای گفتوگۆی بنیاتنەری کردووە، بەڵام پشتگوێخراوە و "هەوڵدراوە ئەجێندای نادەستووری لەسەر هەرێم بسەپێندرێت." هاوکات ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوەی تیمە پسپۆڕەکان دەربڕی بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک کە "هەموو عێراق لێی سوودمەند بێت و کوردستانیش چیتر ستەمی لێ نەکرێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی کەشی ئاسمانی دهۆک. وێنە: رووداو/ئەرشیڤ

زۆرترین و کەمترین رێژەی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان لە 24 کاژێردا

کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماری 24 کاژێری بارانبارینی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زۆرترین بڕی باران لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر باریوە کە 93 ملیمەترە؛ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ بارانبارین بەردەوام دەبێ و چەند ناوچەیەکی دیاریکردووە کە مەترسی لافاویان دەبێت