محەممەدی حاجی مەحموود: ئێران هەوڵدەدات تیمی یەکێتی بگەڕێنێتەوە بۆ کۆبوونەوەکانی حکومەت

15-04-2023
ئەحمەد حەمید
محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە هەفتەیەکدا دوو شاندی باڵای ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە. محەممەدی حاجی مەحموود دەڵێت، یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی سەردانی شاندەکان، ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی و کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی بووە. دەشڵێت، "شاندەکە گوتوویانە کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون".
 
هەفتەی رابردوو دوو شاندی باڵای ئێران کە یەکێکیان بە سەرۆکایەتیی ئاغای لوتفی، جێگری وەزیری ھەواڵگری (ئیتڵاعات)ـی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندەکەی دیکەش بە سەرۆکایەتیی حەسەن دانایی فەڕ، باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق و یاریدەدەری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری بازرگانی بۆ عێراق و سووریا بووە.
 
محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، شاندەکان "لەگەڵ زۆرینەی حیزبەکان کۆبوونەتەوە لە نێو حیزبەکانیش چەند کەسێکیان بینیوە."
 
سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان پێیوایە سەردانی شاندەکە بۆ چەند پرسێک بووە، لەوانە "ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی، کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی، رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و عێراق و پرسی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە پرسی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پرسە سەرەکییەکەیان بووە کە پێیان وایە ئیسرائیل لە رێگەی ئەو حیزبانەوە دزەیان کردووەتە نێو ئێران."
 
محەممەدی حاجی مەحموود ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو شاندەی ئێران کە هاتوون لەگەڵ زۆرینەی لایەنەکان کۆبوونەتەوە، بەڵام لایەنەکان دەیشارنەوە" و دەشڵێت، "ئەگەر شاندی وڵاتێکی دیکە بووایە بڵاویان دەکردەوە، شاندی ئەمریکا و ئەوروپا دێت پێش گەیشتنیان بڵاودەکرێنەوە؛ هەرچەندە ئێران دەسەڵاتی لە ناوچەکەدا زیاترە و دەسەڵاتی بەسەر عێراقدا هەیە و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان خۆیان داوایان کردووە ئێران رۆڵی خۆی ببینێت و کێشەکانیان چارەسەر بکات".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، محەممەدی حاجی مەحموود گوتی، بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن: هەر کێشەیەک لە نێوان پارتی و یەکێتی هەبێت کاریگەری لەسەر دۆخی ئەمنی ئێران دەبێت. گوتیشی، ئێرانییەکان گوتوویانە هەوڵدەدەن تیمی یەکێتی بگەڕێننەوە بۆ نێو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ چۆنێتیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، "من پێم گوتن هەرێمی کوردستان رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکات، بەڵام لەبەرئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەموو بڕیارێکی بە دەست نییە؛ ئێوە دەتوانن بە لایەنە عێراقییەکان بڵێن رێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن."
 
لەبارەی تۆمەتبارکردنی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە "بردنی سیخوڕی ئیسرائیلی بۆ نێو ئێران" محەممەدی حاجی مەحموود دەڵێت: شاندەکەی ئێران باسیان لەوەکرد هەشت کەسیان لە ئەسفەهان دەستگیر کردووە دانیان بەوەداناوە.
 
سەبارەت بە چارەسەرکردنی گرفتەکان لە نێوان پارتی و یەکێتی، سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد: "شاندەکەی ئێران گوتوویانە بەدەستی پڕ دەگەڕێنەوە، هەرچەندە لەبارەی کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی وردەکارییەکەیان باس نەکرد، بەڵام ئەگەر ئێران بیەوێت دەتوانێ گرفتەکە چارە بکات، هەرچەندە ئاسان نییە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن