رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە پەیڕەوانی سابیئەی مەندائی لە شەقڵاوە، لە ئاهەنگێکی پێکهێنانی ژیانی هاوژینیدا رێوڕەسمی پاکبوونەوەیان ئەنجامدا.
ئاهەنگەکە دوێنێ یەکشەممە، 14-4 بەڕێوەچوو. تێیدا ئەوس عیسام و رانیە رەعد ئەڵقەی هاوسەرگیری و پێکهێنانی ژیانی هاوژینییان گۆڕییەوە.
سابیئەكان رەنگی سپیان لە لا جوانترینە. ھەر بۆیە لە جەژنەکاندا گرنگی پێدەدەن و دەیپۆشن. لە رێوڕەسمی پاکبوونەوەدا، ئەندامانی کۆمەڵگەی سابیئەی مەندائی خۆیان دەخەنە نێو ئاو بۆ خاوێنکردنەوەی رووح و جەستەیان.
سابیئەكان زیاتر لە شاری عیمارە، بەسرە، ناسریە و کەرکووک و شەقڵاوە نیشتەجێن. ئەوان پەیڕەوی ئایینی پێغەمبەر یەحیا دەکەن.
بەپێی ئامارێکی ئەنجوومەنی کاروباری سابیئە مەندائییەکانی عێراق، تاوەکو ساڵی 2003 ژمارەیان نزیکەی 100 ھەزار کەس دەبوو، بەڵام گرژییەکان و ھەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان وایان کردووە ئێستا لە سەرجەم عێراق کەمتربن لە 15 ھەزار کەس و ئەوانەی کۆچیان کردووە، زۆربەیان لە سووریا، ئوردن و تورکیا گیرساونەتەوە.