رووداو دیجیتاڵ
ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا تەنیا 6 رۆژی ماوە. گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکانی هەردوو وڵات لە ئیسلام ئاباد شکستی هێنا، بەڵام هێشتا گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ پرسێکی گەرمە. مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێت، ئەزموونی رابردوو وایکردووە ئێران ترسی هەبێت لە کاتی دانوستاندندا جارێکی دیکە هێرشی بکرێتەوە سەر.
رۆژی 15ـی نیسانی 2026، د.نەبەز نەوزاد، مامۆستای زانکۆ میوانی رووماڵی رووداو بوو بۆ تاووتوێکردنی پێشهاتەکانی دوای جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکرد.
د. نەبەز رایگەیاند، درێژکردنەوەی ئاگربەست ئاراستەیەکی بەهێزتری هەیە، بەڵام ئەگەرێکی دوورە بتوانن لەو ماوە کورتەی ماوە بگەنە رێککەوتن.
بۆچی ئێران متمانەی بە دانوستاندن نییە؟
ساڵی 2025 لە کاتێکدا ئێران لە دانوستاندندا بوو لەگەڵ ئەمریکا، ئیسرائیل هێرشێکی 12 رۆژەی کردە سەر. ئەم ساڵیش هاوکاتی بەڕێوەچوونی دانوستاندن، ئێران رووبەڕووی هێرشی فراوانی ئیسرائیل و ئەمریکا بووەوە.
بە بڕوای د. نەبەز نەوزاد، هەموو ئەو رووداوانەی لە رابردوو روویانداوە، هۆکارن بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت متمانە بە دانوستاندنەکان بکات و ترسی ئەوەی هەبێت جارێکی دیکە رووبەڕووی هێرش ببێتەوە.
مەرجەکانی ترەمپ بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ نێو ئابووریی جیهانی
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا بەناوی ترەمپەوە پێشنیازێکی بۆ تاران ئاشکرا کرد و رایگەیاند، واشنتن دەیەوێت ئێران بگەڕێنێتەوە نێو ئابووریی جیهانی، بەو مەرجەی تاران دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی و پشتگیریکردنی "تێرۆر" بێت.
د. نەبەز نەوزاد ئەو پێشنیازانەی ترەمپی بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ سەرکردەکانی ئێران ناوبرد ئەگەر بتوانن "ژیرانە" مامەڵەی لەگەڵ بکەن و گوتی: "دەرفەتێکی گونجاوە تاوەکو تاران بتوانێت ئابوورییەکەی گەشە پێبداتەوە."
ترەمپ سوورە لەسەر ئەوەی ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت و نابێت پشتیوانیی ئەو گرووپە چەکدارانە بکات کە شەڕی وەکالەتی بۆ دەکەن. ئەو مامۆستایەی زانکۆ بۆچوونی وایە، دەکرێت ئەو بابەتانە دوای گفتوگۆیەکی زیاتر بگۆڕدرێن بۆ رێککەوتنێک کە تەنگەی هورمزیش لەخۆ بگرێت.
ئەمریکا 10 هەزار سەربازی دیکە دەنێرێتە ناوچەکە
ئەگەرچی باسی گەڕانەوە بۆ دانوستاندن گەرمە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، پێنتاگۆن لە رۆژانی داهاتوودا زیاتر لە 10 هەزار سەربازی دیکە دەنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم هێزانە دەچنە پاڵ ئەو 50 هەزار سەربازەی ئەمریکا کە لە چەند هەفتەی رابردوودا لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێراندا بەشدار بوون. بە گەیشتنی ئەم هێزانە، ئەمریکا خاوەنی 3 کەشتیی فڕۆکەهەڵگر دەبێت لە ناوچەکەدا (لینکن، فۆرد و بووش).
د. نەبەز نەوزاد ئەو هەنگاوەی ئەمریکا لە بەکارهێنانی بژاردەی سەربازی وەک گوشارێکی ترەمپ دەبینێت، تاوەکو بتوانێت ئێران بە بژاردەی دیپلۆماسی رازی بکات کە دانوستاندن و رێککەوتن لەخۆدەگرێت.
گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان؛ ئەگەر یان راستی؟
رۆژی 11ـی نیسان، دانوستاندنی نێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی پاکستان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو، بەڵام دوای 21 کاژێر گفتوگۆ نەگەیشتنە رێککەوتن و رۆژی یەکشەممە شکستهێنانی دانوستاندنەکان راگەیێندرا. ئێستا باس لە بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ وادەیەک رانەگەیێندراوە، تەنیا ترەمپ وەک ئەگەرێک باسی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ