سەندیکایەکی پەروەردە لەسەر ئەو هێرشەی لە رووها کرایە سەر قوتابخانەیەک، مان دەگرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەندیکای رەنجدەرانی پەروەردە و زانست (ئەیتم-سەن) لە تورکیا دەڵێ، لەسەر ئەو هێرشەی لە شارۆچکەی سوێرەگ سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان کرایە سەر قوتابخانەیەکی ئامادەیی، بڕیاری داوە رۆژێک مان بگرێت.
 
مانگرتنی ئەندامانی سەندیکاکە ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی نیسانی 2026 لەسەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیا دەبێت.
 
سەندیکاکە لە راگەیێندراوێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە بریاری مانگرتنەکەی راگەیاند و دەڵێت، "ئەو هێرشە سەرکۆنە دەکەین کە لە ئامادەییەک لە شارۆچکەی سوێرەگ لە پارێزگای رووها کرا و تێیدا ژمارەیەکی زۆر کەس، لەنێویاندا مامۆستا و قوتابی برینداربوون. هیوای چاکبوونەوەی بەپەلە بۆ هاوکارە بریندارەکەمان و قوتابییەکانمان دەخوازین. وەک سه‌ندیکا، ئێمە بەرگری لە مافی مامۆستایان و قوتابییان دەکەین بۆ ئامادەبوونیان لە ژینگەیەکی پەروەردەیی ئارام، ئاسوودە و تەندروست و لە نزیکەوە چاودێریی رەوشەکە دەکەین."
 
رۆژی سێشەممە 14ـی نیسانی 2026، لە شارۆچکەی سوێرەگ سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان هێرشکارێکی تەمەن 19 ساڵ بە ناوی (عومەر کەت) کە پێشتر لە ئامادەیی پیشەیی و تەکنیکیی ئەنادۆڵی ئەحمەد کۆیونجو قوتابی بوو، هێرشی کردە سەر قوتابخانەکە و بە شێوەیەکی ‌هەڕەمەکی دەستڕێژی گوللـەی لە قوتابی و مامۆستایانی قوتابخانەکە کرد و دواتر خۆی کوشت.
 
لە ئەنجامی تەقەکردنەکە 16 کەس بریندار بوون کە چوار مامۆستا، 10 قوتابی، کارمەندێكی قوتابخانەکە و پۆلیسێک بوون.
 
دوای رووداوەکە خوێندن لە قوتابخانەکە بۆ 4 رۆژ راگیرا، هەروەها دوو بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش و دوو بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سوێرەگ لە کارەکانیان دوورخرانەوە.
 
بەپێی ئەو داتایانەی مانگی تەممووزی 2025 کە لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیا بڵاوکراونەتەوە، ژمارەی ئەندامانی سەندیکای رەنجدەرانی پەروەردە و زانست (ئەیتم-سەن) بە 82 هەزار و 986 کەس تۆمارکراوە. بەم ژمارەیە ئەیتم سەن لە کەرتی خزمەتگوزاریی پەروەردەدا وەک چوارەمین سەندیکا دێت کە زۆرترین ئەندامی هەیە.
 
بەپێی ئامارەکانی سەندیکاکانی مانگی تەممووزی 2025، ژمارەی ئەندامانی هەندێک لە سەندیکا دیارەکانی کەرتی پەروەردە بەم شێوەیە:
 
سەندیکای یەکێتیی پەروەردەکاران (ئەیتم-بیر-سەن): 428,618
سەندیکای فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە، فێرکردن و زانستی تورکیا (تورک ئەیتم-سەن): 249,447
سەندیکای کارمەندانی کەرتی پەروەردە و زانست (ئەیتم-ئیش): 149,013
سەندیکای رەنجدەرانی پەروەردە و زانست (ئەیتم-سەن): 82,986
سەندیکای کارمەندانی پەروەردە و زانستی ئازادیخواز (حورییەتچی ئیتم-سەن): 25,603
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی ناوخۆ سزای دارایی ئەو بیانییانە هەڵدەگرێ کە بەهۆی شەڕەوە نشینگە و ڤیزەیان بەسەرچووە

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی هاوکاریکردن و کارئاسانی بۆ ئەو بیانییانەی بەهۆی دۆخی شەڕەوە نەیانتوانیوە گەشت بکەن یان نشینگەکانیان نوێ بکەنەوە، چەند بڕیارێکی دەرکرد و تێیدا لێخۆشبوون لە سزای دارایی بۆ چەند گرووپێکی جیاواز راگەیاند