رزگار حاجی حەمە: یەکێتی بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن ئامادەیە

11 خولەک له‌مه‌وپێش
شیراز رەئوف
رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێ، ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان داوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بکەن، ئەوا یەکێتیش ئامادەیە؛ لەبارەی پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێ، بلۆکی یەکێتی خاوەنی 40 کورسی پەرلەمانە و لەسەر بنەمای ئەو قەبارەیە ئامادەیە بۆ رێککەوتن.
 
رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا گوتی: "یەکێتی و نەوەی نوێ پێش ئەوەی لەبارەی بەغدا رێکبکەون، لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان  رێککەوتوون و ئێستا متمانەیەکی تەواو لەنێوانیاندا هەیە و لە گفتوگۆکاندا کورسییەکانی هەردوولا پێکەوە کۆدەکرێنەوە کە لەگەڵ 2 کورسی کۆتای پێکهاتەکان دەبنە بلۆکێکی 40 کورسی لە پەرلەمانی کوردستان."
 
سەبارەت بە وردەکاریی رێککەوتنەکەش، رزگار حاجی حەمە گوتی: "تاوەکو ئێستا رێککەوتنێکی نووسراوی واژۆکراو لەنێوان یەکێتی و نەوەی نوێ نییە، بەڵام متمانەیەکی پتەو هەیە و هەردوولا بە هاوئاهەنگیی تەواوەوە هەنگاو دەنێن".
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی باسی لە شوێنگرەوەی سروە عەبدولواحید لە پەرلەمانی عێراق کرد کە ئێستا بووەتە وەزیری ژینگە و گوتی، هیچ دەستوەردانێک ناکرێ و هیچ رێککەوتنێکیش نییە لەنێوان یەکێتی و نەوەی نوێ بۆ چۆنێتی شوێنگرەوەکەی، بەڵکو پرسەکە لێدەگەڕێن بۆ کۆمیسیۆن و کۆمیسیۆن بەپێی رێکارەکانی خۆی و لەبەرچاوگرتنی رێژەی کۆتای ژنان لە بازنەی سلێمانی شوێنگرەوەکەی دەستنیشان دەکات.
 
کێشەی پۆستەکان لە بەغدا 
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)، رزگار حاجی حەمە باسی لە بەرکەوتەی کورد کرد و گوتی: "پەرلەمانتارانی یەکێتی پابەند بوون و هەموویان دەنگیان بە د. فوئاد حوسێن دا کە لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە وەزیری دەرەوە، بەڵام رەنگە هەندێکیان دەنگیان بە رێباز حەملان نەدابێت تاوەکو ببێتە وەزیری ئاوەدانکردنەوە، ئەوەش شتێکی ئاساییە و زۆرینەی پەرلەمانتاران ئەو بەربژێرەیان رەتکردەوە".
 
رزگار حاجی حەمە گوتیشی، یەکێتی پشکی خۆی لە بەغدا وەرگرتووە نەوەک زیاتر، بەڵام بەهۆی نەبوونی یەکڕیزیی کورد، وەزارەتێکی دیکە لەدەست کورد چووە و ئەگەر هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان پێکەوە بوونایە ئەگەری زۆر بوو وەزارەتێکی دیکەش لە کابینەکەی عەلی زەیدی وەربگرن.
 
لەبارەی وەرگرتنی پۆست و بەرپرسیارێتیش لەلایەن لایەنە کوردستانییەکانی دیکەوە بە دیاریکراوی هاوپەیمانێتییەکەی (هەڵوێست، یەکگرتوو و کۆمەڵ) کە خاوەنی 10 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقن، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی باسی لەوە کرد کە هیچ لارییان نییە پۆست و بەرپرسیارێتی لە بەغدا وەربگرن و بە پێچەوانەوە هاوکاریی و پشتیوانییان دەکەن.
 
گوتیشی: "مەرج نییە بەشداریی لە دەسەڵات لە بەغدا تەنیا وەرگرتنی وەزارەت بێت. تاوەکو ئێستا تەنیا رێککەوتن لەبارەی وەزیرەکان کراوە و هیچ رێککەوتنێک بۆ بریکاری وەزیر و سەرۆکی دەستە و کۆمیسیۆنەکان نەکراوە و باشترە لەو قۆناخەدا لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن (هەڵوێست، یەکگرتوو و کۆمەڵ) پۆست وەربگرن و بەشدار بن لە دەسەڵات و لە حکومەتەکە".
 
رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 270 پەرلەمانتار کارنامەی کابینەی نوێی حکومەتی بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی پەسندکرد و متمانەی بە 14 وەزیری کابینەکەی بەخشی و 4 بەربژێریش دەنگی پێویستیان بەدەستنەهێنا بۆ بوونە وەزیر لە کابینەکە کە پێکهاتبوون لە رێباز حەملان بۆ وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەحمەد عەزاوی بۆ وەزیری پلاندانان لە پشکی هاوپەیمانیی عەزم، عامر خوزاعی بۆ پۆستی وەزیری خوێندنی باڵا لە پشکی دەوڵەتی یاسا و سەفا کەنانی بۆ پۆستی وەزیری وەرزش و لاوان لە پشکی رەوتی حیکمە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە