ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق: بۆردوومانەکانی تورکیا ئیستیفزازییە

15-06-2020
نیشانەکردن تورکیا پەکەکە شنگال
A+ A-
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق سەرکۆنەی بۆردوومانەکەی تورکیا دەکات و بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق ناویدەبات و داوا لە تورکیا دەکات دووبارەی نەکاتەوە. هەروەها دەڵێت، ئەو بۆردوومانانە ئیستیفزازکردنی عێراقن.
 
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەبارەی بۆردوومانەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: بەزاندنی ئاسمانی عێراق لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بەتووندی سەركۆنە دەكەین، كە شەوی رابردوو 18 فڕۆكەی توركی بە ئاراستەی قەزاكانی شنگال، مەخموور و گوێڕ تاوەكو قەزای شرگات بە قوڵایی 193 كیلۆمەتر لە سنووری توركیاوە ئاسمانی عێراقیان بەزاند.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە فڕۆکەکانی تورکیا کەمپی ئاوارەکانیان بۆردوومانکردووە و هۆشداریی دەدەنە تورکیا کە دەبێت رێز لە دراوسێتی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بگرێت و داوا دەکەن دووبارە نەکرێتەوە. لەهەمانکاتدا ئامادەیی دەردەبڕن بۆ هەماهەنگیی دوولایەنە بەمەبەستیی پاراستنی سنوورەکانی نێوان دوو وڵات.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ناوچەکانی شنگال، قەرچووغ، قەندیل، زاپ، ئاڤاشین، باسیان و خواکوڕکیان لە باشووری کوردستان بۆردوومانکرد. وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، 81 ئامانجی پەکەکەیان لە باشووری کوردستان پێکاوە.
 
لە بۆردوومانەکانی تورکیا بۆسەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، هیچ زیانێکی گیانی نەکەوتووەتەوە تەنیا لە شنگال سێ ئەندامی یەپەشە برینداربوون.
 
لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنێکی هەواڵەکانی رووداو، خودێدا چوکی بەڕێوەبەری شارۆچکەی سنونێ گوتی، سێ ئەندامی سەر بە هێزەکانی یەپەشە لە هێرشەکەی شەوی رابردووی تورکیادا لە سنووری شنگال برینداربوونە.
 
بەدران پیرانی، هاوسەرۆکی شارەوانی کەمپی مەخموور لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی بۆردوومانەکەی تورکیا بۆسەر کەمپی مەخموور گوتی، کاژێر 00:00 بۆردوومانی کەمپی مەخموور کرا، ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر کەمپەکەدا سووڕانەوە، لە کاژێر 00:00وە تاوەکو کاژێر 01:10 خولەک بۆردوومانی سەر رۆژهەڵاتی کەمپی مەخموورکرا. لەو بۆردوومانەدا جیا لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
 
هاوسەرۆکی شارەوانی کەمپی مەخموور لەبارەی زیانەکانی ئەو بۆردوومانەوە، گوتی، بۆردوومانەکە رۆژهەڵاتی کەمپی مەخموور بووە و، 4 بۆ 5 جار فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەو شوێنانەیان کردە ئامانج کە باخچە و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ بووە، بەهۆیەوە خانووەکان داڕماون و باخچەکان تێکچوون، بەهۆی بەهێزی دەنگی مووشەکەکانیش "پەردەی گوێی منداڵان تەقیوەو هەندێکیش لەترسان لەهۆش خۆیان چووبوون، هەر بەو هۆیەوە 5 تاوەکو 6 منداڵ برانە نەخۆشخانە".
 
ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارۆچکەی سیدەکانی سەر بە قەزای سۆران بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، بۆردوومانەکانی شەوی رابردووی فڕۆکەکانی تورکیا لە سنوورەکەیان هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، ئەو پووش و پاوانەشی هەیە پێشتر سووتابوون، بۆیە ئەو شوێنانەی پووش و پاوانیشی نەماوە تاوەکو بسووتێت.
 
هەروەها شەعبان خەلیل، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند ئەو شوێنانەی شەوی رابردوو لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بۆردومانکراون، لە سەنتەری شارۆچکەکەوە دوورن و گوندی چۆڵکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە