پۆلیسی هەرێمی کوردستان: بازاڕی فرۆشتنی چەک دەکرێتەوە

15-06-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆمەڵگەی کڕین و فرۆشتنی چەک دەکرێتەوە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، کردنەوەی شوێنی كڕین و فرۆشتنی چەک لە ژێر چاودێری وەزارەتی ناوخۆدا دەبێت و تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن سەردانی بکەن چەکەکانیان تۆمار کراوبێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 15ـی حوزەیرانی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەڵمەتی داماڵینی چەکی جەنگی و تۆمارکردنی چەکی ئاگرین لە ھەرێمی کوردستان، لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی كوردستان کۆمەڵگەی کڕین و فرۆشتن و چاککردنەوەی دروست دەکرێت." 
 
موقەدەم کارزان ئەمیر، گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کردنەوەی کۆمەڵگەکان بە سەرپەرشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن و لەژێر چاودێریی وەزارەتی ناوخۆدا دەبێت." 
 
موقەدەم کارزان ئاماژەی بەوەکرد، تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن لە کۆمەڵگەکاندا کڕین و فرۆشتن بە چەکەوە بکەن، کە چەکەکانیان تۆمارکراوبێت، بەپێچەوانەوە قەدەخە دەبێت.
 
رۆژی 22ـی تەممووزی 2023، دوایین رۆژ دەبێت بۆ تۆماکردنی چەک لە هەرێمی کوردستان؛ 13ـی ئەم مانگە، د. هێمن میرانی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو 22ـی تەممووز مۆڵەت ماوە بۆ ئەو کەسانەی چەکیان هەیە و دەیانەوێت بە فەرمی و بە ناوی خۆیانەوە تۆماری بکەن؛ دوای ئەو کاتە چەکەکان دەبنە قاچاخ و سزای یاسایی هەر کەسێک دەدرێت پێی بگیرێت و ماوەی تۆمارکردنەکەش درێژ ناکرێتەوە." 
 
هێمن میرانی گوتیشی، چەکەکان بێبەرامبەر بۆ هاونیشتمانییان تۆمار دەکرێن و هەرکەسێکیش نەیەوێت چەکەکەی لەگەڵ خۆی ببات، تەنیا ژمارەی چەکەکە ببات بۆی تۆمار دەکرێت.
 
شوێنی تۆمارکردنی چەک لە پارێزگاکان لەم شوێنانەی خوارەوەن:
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر:
 
- بنکەی پۆلیسی ئازادی – بەشی پۆلیسی ناوشار - رۆژئاوا
- بنکەی پۆلیسی راپەڕین - بەشی پۆلیسی ناوشار - رۆژهەڵات
- بنکەی پۆلیسی عەنکاوە – قەزای عەنکاوە
- بنکەی پۆلیسی خەبات – قەزای خەبات
- بنکەی پۆلیسی شەقڵاوە – قەزای شەقڵاوە
- بنکەی پۆلیسی پیرمام – قەزای پیرمام
- بنکەی پۆلیسی دەشتی هەولێر - قەزای دەشتی هەولێر
- بنکەی پۆلیسی کۆیە – قەزای کۆیە
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی:
 
- بنکەی پۆلیسی ئەزمەڕ – بەشی پۆلیسی ناوشار – رۆژهەڵات
- بنکەی پۆلیسی چوارچرا - بەشی پۆلیسی ناوشار – رۆژئاوا
- بنکەی پۆلیسی سەیدسادق – قەزای سەیدسادق
- بنکەی پۆلیسی شارەزوور – قەزای شارەزوور
- بنکەی پۆلیسی دەربەندیخان – قەزای دەربەندیخان
- بنکەی پۆلیسی قەرەداخ – قەزای قەرەداخ
- بنکەی پۆلیسی ماوەت – قەزای ماوەت
- بنکەی پۆلیسی پێنجوێن – قەزای پێنجوێن
- بنکەی پۆلیسی شارباژێڕ – قەزای شارباژێڕ
- بنکەی پۆلیسی دووکان – قەزای دووکان
- بنکەی پۆلیسی چەمچەماڵ – قەزای چەمچەماڵ
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک:
 
- بنکەی پۆلیسی نزارکێ – بەشی پۆلیسی ناوشار
- بنکەی پۆلیسی ماڵتا - بەشی پۆلیسی ناوشار
- بنکەی پۆلیسی بەردەڕەش – قەزای بەردەڕەش
- بنکەی پۆلیسی شێخان – قەزای شێخان
- بنکەی پۆلیسی سێمێل – قەزای سێمێل
- بنکەی پۆلیسی ئامێدی – قەزای ئامێدی
 
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە:
 
- بنکەی پۆلیسی هەڵەبجە – بەشی پۆلیسی دەوروبەر
- بنکەی پۆلیسی بیارە – ناحیەی بیارە
- بنکەی پۆلیسی سیروان – ناحیەکانی خورماڵ و سیروان
- بنکەی پۆلیسی بەمۆ – ناحیەی بەمۆ 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.