رووداو - هەولێر
بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو، سەمینارێک بۆ قسەکردن لەبارەی ژیان و ئەزموونی د. عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە، ئاوازدانەر و میوزیکژەنی بەنێوبانگی کورد لە هەولێر بەڕێوەچوو.
لە سەمینارەکەدا د. عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە باسی لە قۆناخەکانی ژیانی خۆی لەگەڵ میوزیک کرد و رایگەیاند، میوزیک لای ئەو جگە لە ئارەزوو، پەیامی خۆشەویستی و پێکەوە ژیانە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەشدارییەکی کارای لە میوزیکی جیهانیدا کردووە، نموونەش، لە زانکۆی لەندەن کارێکی بە ناوی هەڵەبجە لەنێو 100 بەرهەمدا هەڵبژێردراوە و پیشاندراوە.
د. عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە باسی لە جیهانیبوونی میوزیک کرد و ئاماژەی بەوە کرد، میوزیکی ئەمڕۆ ناکرێت بە زمانی 100 یان 150 ساڵ پێش ئێستا دابنرێت، هونەرمەندانیش دەبێت خۆیان لەسەر تەکنیکەکانی میوزیکی سەدەی 21 رابهێنن، پێویستە کوردیش هەمیشە لە خۆ نوێکردنەوەدا بن. ئەو کارانەی ئەویش دەیکات بۆ ئەوەیە پردێک لەنێوان میوزیکی کۆن و نوێ دروستبکات.