دوو کچە کورد لە یەکەمەکانی خوێندنی عەرەبین لە کەرکووک

16-08-2023
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
نیشانەکردن کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جگە لە پەرتووکەکانی، سانا دەیان کتێبی پووختکراوی لەبەردەست بوو کە زیاتر لە ساڵێک بوو لەسەریان دەیخوێند. سانا لە قەزای داقووق لە سنووری پارێزگای کەرکووک بە کۆنمرەی 99.43 یەکێکە لە یەکەمەکانی خوێندنی عەرەبی لە کەرکووک. 
 
سانا دەڵێ زەحمەتیی زۆری چەشتووە بۆ بەدەستهێنانی ئەو نمرە بەرزە؛ لەلایەک زۆریی مادەکانی خوێندنی پۆلی 12ـی ئامادەیی و لەلایەکی دیکەشەوە چونکە خوێندنەکەی بە زمانی دایکی نەبووە و بە عەرەبی بووە، بۆیە هێنانی ئەو نمرە بەرزە کۆششی زۆری ویستووە.
 
سانا ئەحمەد، سەبارەت بە خوێندنەکەی بە زمانی عەرەبی، دەڵێ "زەحمەتی هەبوو، بە تایبەت وانەی زمانی عەرەبی، زمانی چونکە شیعرەکانی [زەحمەتە]، وەک ئەو عەرەبییەی [رۆژانە] نییە کە خۆمان بەکاریدەهێنین، دەبێت لە هەموو وشەکانی تێبگەیت، دەبێت بزانیت شاعیر لێرە مەبەستی چی بووە. من، ترسێکی زۆرم لێی هەبوو."
 
تەنیا پشتیوانی سانا ئەحمەد لە بەدەستهێنانی ئەو کۆنمرە بەرزە، دایک و باوکی و خانەوادەکەین؛ نە پەروەردەی کەرکووک و نە خوێندنگەکەی خۆی، پیرۆزباییان لێ نەکردووە و ناویان وەک یەکەم نەهێناوە، لەکاتێکدا کۆنمرەکەی ئەوە دەسەلمێنێت کە یەکەمە.
 
ئەحمەد محەممەد، باوکی سانا دەڵێ بەشێک لە منداڵەکانی دیکەی بەزمانی کوردی خوێندوویانە، خوێندنی سانا بە عەرەبی هۆکارەکەی ئەوە بووە، قوتابخانەی خوێندنی کوردی لە ماڵیان نزیک نەبووە.
باوکی سانا
 
باوکی سانا گوتی "سیان [لە منداڵەکانم] لە قوتابخانەی کوردی خوێندوویانە، لە قوتابخانەی پێشەوا، چونکە لە گەڕەکی کوردنشین بوون...کە هاتینە ئێرە، قوتابخانەی کوردی لە نزیکمان نەبوو، قوتابخانەی عەرەبیمان لێ نزیک بوو، بۆیە ناچاربووین لە قوتابخانەی عەرەبی درێژە بە خوێندن بدات."
 
یەکێکی دیکە لە یەکەمەکانی خوێندنی عەرەبی لە سنووری کەرکووک، کچە کوردێکی دیکەیە بەناوی شنیا کە کۆنمرەی 99.43ـی بەدەستهێناوە. 
 
شنیا لەگەڵ ئەوەی چاوێکی توانای بینینی کەمە، بەڵام ئەوە رێگر نەبووە لەو سەرکەوتنەی، تاکە شتێکیش کە بە گوتەی خۆی خوێندنەکەی قورس کردبوو، خوێندنی بوو بە زمانێکی دیکە جگە لە زمانی دایکی.
شنیا باسی ئەوە دەکات هەمیشە پلانی هەبووە دەڵێ "بۆ چەند کاژێرێک دەمخوێند، بەو شێوەی مامۆستاکانم داوایان دەکرد. رۆژانی ئاسایی 5 بۆ شەش کاژێر دەمخوێند. لەکاتی تاقیکردنەوە و پێداچوونەوە 14 بۆ 15 کاژێر دەمخوێند."
 
بەهۆی زۆر سەرقاڵی باوکییەوە، دایکی شنیا پاڵپشتێکی گەورەی کچەکەی بووە، کە لەپاڵ خوێندنەکەیدا بەهرەیەکی دیکەشی هەیە ئەویش وێنەکێشانە. هەرچەندە لەماوەی خوێندنەکەیدا لە وێنەکێشان دوورکەوتبووەوە، بەڵام ئێستا دەستی پێکردووەتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کرێکارانە لە کارگەیەکدا خنکاون

لە ئیسفەهان 9 کرێکار بە گاز خنکان

بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای ئیسفەهان رایدەگەیێنێت، لە یەکێک لە کارگەکانی ئەو پارێزگایە 9 کرێکار بەهۆی دزەکردنی گازەوە گیانیان لەدەستداوە.