دوو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا لەبارەی لێدوانێکی ئەحمەد کەرکووکی لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک: هەڵوێستمان دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە راگەیێندراوێک وەڵامی قسەکانی ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەنەکە لەبارەی پرسی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگارەکەی باشووری کوردستان دەدەنەوە.
 
د. ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەرنامەی شەوی رابردووی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی، "سەردانی محەممەد حەلبووسی بۆ کەرکووک بە مەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو، بەهۆی گوشاری جەماوەریشەوە باسی لەوە کرد، رێککەوتنیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیە تاوەکو دوای دوو ساڵ پۆستی پارێزگای کەرکووک رادەستی عەرەب بکرێت، ئەگەرنا هیچ بەڵگەیەک نییە رێککەوتنێکی لەو شێوەیە کرابێت."
 
زاهیر ئەنوەر عاسی و رەعد ساڵح لە راگەیێندراوەکەیاندا دەڵێن، رێککەوتنەکە هەیە و "گرنگترین بڕگەکانیشی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی پارێزگارە لەنێوان کورد، عەرەب و تورکمان، لەگەڵ ئازادکردنی عەرەبە بێسەروشوێنکراوەکان لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان."
 
ئەو دوو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، کە سەر بە حیزبی تەقەدوومی محەممەد حەلبووسین، باس لەوە دەکەن، د. ئەحمەد کەرکووکی خۆی یەکێک بووە لەو کەسانەی واژۆی لەسەر رێککەوتنی هاوبەشیی سیاسی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک کردووە.
 
ئەحمەد کەرکووکی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا ئاماژەی بەوەش کرد، نایانەوێت هەندێک بابەت لە میدیا باس بکرێن، بەڵام کۆتایی ساڵ باسی ئەو بابەتە دەکەن کە "ئایا رێککەوتنێک بۆ رادەستکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە عەرەب هەیە یان نا."
 
لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا ئەو دوو ئەندامەی ئەنجوومەن ئاماژە بەوەش دەکەن، بەڵگەیان لایە ئەو رێککەوتنە دەسەلمێنێت و دەڵێن، "ناوبراو (ئەحمەد فاتیح کەرکووکی) خۆی لەو رێککەوتنە دزییەوە و نیازێکی ئاشکرا کرد کە رەنگە بمانگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، ئەوەش هەمووان دەخاتە بەردەم زەنگێکی مەترسیی راستەقینە کە دەبێتە هەڕەشە بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنە سیاسییەکە."
 
ئەو دوو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داوا لەو لایەنە سیاسییانە دەکەن کە واژۆیان لەسەر رێککەوتنەکە کردووە، "بەرپرسیارێتیی خۆیان لەبەردەم گەلەکەماندا لەئەستۆ بگرن،" هەروەها داوای هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی لێدوانەکانی ئەحمەد کەرکووکی دەکەن، کە "ئایا ئەوە بۆچوونی کەسیی خۆیەتی یان ئاراستەیەکی حیزبییە."
 
زاهیر ئەنوەر عاسی و رەعد ساڵح کە رۆژی 21ی ئایاری 2025 کشانەوەی خۆیان لە هاوپەیمانیی پێکهێنانی ئیدارەی کەرکووک راگەیاند، بە بیانووی ئەوەی ئەو رێککەوتنانەی بۆ چۆنێتیی پێکهێنانی ئیدارەی کەرکووک کرابوون، جێبەجێ نەکراون. لە راگەییێندراوەکەیاندا دەڵێن، "ئێمە بە جیدی و تووندی مامەڵە لەگەڵ ئەم لێدوانە مەترسیدارە دەکەین."
 
دوو ئەندامەکەی ئەنجوومەنەکە دەڵێن، "هەڵوێستێکی جەماوەریمان دەبێت، کە وێنەی ویستی گەلەکەمان و سووربوونمان لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنە سیاسییەکان بکات. سوورین لەسەر بنەماکانی خۆمان و بەرگری لە عێراقیبوونی کەرکووک دەکەین."
 
10ی تشرینی یەکەمی 2024، بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و بەشێکی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە کۆبوونەوەیەکدا لە هۆتێل رەشید لە بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.
 
ئەو ئەندامە عەرەبانەی لە کۆبوونەوەکە بەشداربوون پێکهاتبوون لە رەعد ساڵح، محەممەد حافز و زاهیر عاسی.
 
لە کۆبوونەوەکەی بەغدا، رێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران.