هەفتەی داهاتوو وەرگرتنی مامەڵەی خانووە بێتاپۆکان لە کەرکووک دەستپێدەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە وەرگرتنی مامەڵەی بەناوکردنی خانووە بێتاپۆکان لە کەرکووک دەستپێدەکات، کە بەپشتبەستن دەبێت بە دوو رێنمایی نوێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
 
ئەو هەنگاوە دوای ئەوە دێت، کە شاندێکی وەزارەتی شارەوانیی عێراق سەردانی کەرکووکیان کرد و رێنمایی نوێیان لەبارەی تاپۆکردنی ئەو خانووانە پێگەیاندن کە لەسەر زەویی دەوڵەت دروستکراون.
 
ئەحمەد عومەر، سەرۆکی شارەوانیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو رێنماییە نوێیانە وادەکات دەرگای پێشکەشکردنی مامەڵەکان بۆ بەناوکردنی ئەو خانووانە بکرێتەوە کە لە 28ـی نیسانی 2023ـەوە راگیراوە، رۆژی یەکشەممە بانگەوازێک بڵاودەکەینەوە و هاووڵاتیان دەتوانن مامەڵەکانیان پێشکەش بکەن، لەهەمان کاتیشدا دەست بە جیاکردنەوەی مامەڵەکانی پێشوو دەکەین، تاوەکو رێکاری بەناوکردنیان بگیرێتەبەر."
 
ئەو رێنماییانە بەگوێرەی بڕیاری 320ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە بۆ بەناوکردنی خانووە بێتاپۆکان. سەرۆکی شارەوانیی کەرکووک گوتی: "تاپۆکردنی ئەو خانووانە ئەوانە دەگرێتەوە کە لەسەر زەوی شارەوانی، یان وەزارەتی کشتوکاڵ و دارایی دروستکراون."
 
زیاتر لە 92 هەزار مامەڵەی بەناوکردنی ئەو خانووانە گەیشتووەتە شارەوانیی کەرکووک، کە لە کۆی نۆ گەڕەکن و شەشیان زۆرینە کوردن.
 
ئەو رێنماییە نوێیانە ئەو خانووانە دەگرێتەوە کە لە سنووری شارەوانییەکاندان و دەکەونە دەرەوەی کەرکووک.
 
ئاری سەیفەدین، بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوو رێنمایی هاوپێچی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانمان پێگەیشتووە و دەست دەکەین بە ژماردنی ئەو مامەڵانەی کە ئاراستەمان کراون بۆ بەناوکردنی خانووە بێتاپۆکان. لە رۆژی یەکشەممەوە، 17ـی ئاب، ئەوانەی پێشتر مامەڵەکانیان پێشکەش نەکردووە، دەتوانن پێشکەشی بکەن."
 
ئاری سەیفەدین گوتیشی: "13 قەزا و ناحیە دەکەونە سنووری شارەوانییەکانەوە، کە ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە."
 
بەگوێرەی هاوپێچەکە، ئەو هاووڵاتییەی زەوییە بێتاپۆکەی بەناودەکرێت، "نرخی خەمڵێنراوی زەوییەکەی بە قیستی 20 ساڵ لێوەردەگیرێت."