شارەوانیی کەلار: بەم نزیکانە گەڕەکی ئەندازیاران قیرتاو دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

دانیشتووانی گەڕەکی ئەندازیاران لە کەلار دەڵێن، بەهۆی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە تەنیشت گەڕەکەکەیان، ئاستەنگی هاتووچۆیان بۆ دروست بووە و شەقامەکەیان تێکدراوە. سەرۆکی شارەوانیی کەلاریش دەڵێت، بەم نزیکانە رێگەکە چاک دەکرێت و قیرتاو دەکرێت.
 
مستەفا ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی ئەندازیارانە لە کەلار، بە رادیۆی رووداوی گوت، "دوو ساڵە شارێکی نیشتەجێبوون لە تەنیشتی گەڕەکەکەمان دروست دەکرێت و چوار مانگ دەبێت، شەقامی نێوان پرۆژەکە و گەڕەکەکەی ئێمە تێکدراوە، تاوەکو ئێستا چاک نەکراوەتەوە و کۆمپانیاکە هەر ئەمڕۆ و سبەی دەکات، داواکارین چارەسەر بکرێت."
 
ئەکرەم ساڵح، سەرۆکی شارەوانیی کەلار، بە رادیۆی رووداوی گوت، "دانیشتووانی ئەو گەڕەکە سەردانیان کردووین و ئاگاداری کێشەکەیانین، بەم نزیکانە رێگەکە چاک دەکرێت و قیرتاو دەکرێت."
 
لەبارەی کێشەی ئەوەی بۆچی تاوەکو ئێستا ئەو رێگەیە تەواو نەکراوە، سەرۆکی شارەوانیی کەلار گوتی، بەشێکی زۆر لەو ماڵانە بە زێدەڕۆیی باخچەیان دروستکردووە و بەم نزیکانە رێگەکە تەواو دەکرێت.