گەورەشارەوانیی ئامەد 500 دۆلار دەداتە ئەو خوێندکارانەی لە زانکۆ وەردەگیرێن
رووداو دیجیتاڵ
گەورەشارەوانیی ئامەد، 20 هەزار لیرەی تورکی دەداتە ئەو خوێندکارانەی خەڵکی شارەکەن و ئەم ساڵ بۆ یەکەمجار لە زانکۆ وەرگیراون.
ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025، نووسینگەی راگەیاندن و چاپەمەنییەکانی گەورەشارەوانیی ئامەد بڵاویکردەوە، بڕی 20 هەزار لیرەی تورکی (نزیکەی 485 دۆلاری ئەمریکی) دەداتە ئەو خوێندکارانەی شارەکە ئەوانەی ئەم ساڵ لە زانکۆ وەرگیراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو خوێندکارانە لەم پاڵپشتییە داراییە سوودمەند دەبن، کە پێش رۆژی 19ـی تەممووزی 2025 لە ئامەد نیشتەجێ بوون.
پڕۆژەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت و ئەو خوێندکارانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان 30 ساڵ یان کەمترە و لە زانکۆ حکومییەکان یان زانکۆ تایبەتەکان بە سکۆلەرشیپی 100٪ وەرگیراون. پاڵپشتییەکە بە دوو قیست دەدرێت.
پێشکێشکردنی داواکاری لە رۆژی 22ـی ئەیلوول دەستپێدەکات و لە 24ـی تشرینی یەکەم کۆتایی دێت. خوێندکاران دەتوانن لە رێگەی ماڵپەڕی egitimdestek.diyarbakir.bel.tr داواکاری پێشکێش بکەن.
دوای وردبینی بەڵگەنامەکان، هاوکارییەکە لە کاتی دیاریکراودا دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی خوێندکاران.