رووداو دیجیتاڵ
ماوەی چەند رۆژێکە دووکەڵێکی رەش بەردەوام لەسەر ئاسمانی گوندەکانی گورگەچاڵ، سێکانیان و شۆراوە. دووکەڵ و بۆنی دامەزراوە نەوتییەکانی نزیک لەو گوندانە خەڵکیان هەراسان کردووە.
دانیشتوانی سێکانیان کە زۆرینەی کورد و کەمینەیەکی مەسیحی لێ دەژین، داواکارن بەزوویی چارەسەر بکرێت.
بەهجەت عەلی، دانیشتووی سێکانیانە و دەڵێت، "ئەم دووکەڵە دێتە نێو ماڵەکان، کاتێک موبەریدە هەڵدەکەین، دووکەڵەکە لەگەڵ هەواکە دێتە ژوورەوە."
جێمیس گۆرگیس، دانیشتوویێکی دیکەی گوندەکەیە و ئاماژە بەوە دەدات، "جاری وایە سعات دووی شەو هەڵدەستین پەنجەرە و دەرگاکان دادەخەین، لە گەرما دەمرین لە ژوورەوە."
موختاری سێکانیان دەڵێ، لەسەر ئەو کێشەیە سکاڵایەکی زۆری خەڵکیان گەیاندووەتە پارێزگار و بەرپرسانی شار و لە هەوڵی چارەسەرکردنیدان.
دانا غازی، موختاری سێکانیانە و دەڵێت، "رۆژانە خەڵک دێتە لام یان پەیوەندی دەکات دەڵێت: چیتان کرد و چیتان نەکرد. بچینە سەر رێگاکان؟ دەڵێم نا، ئینشاڵڵا چارەسەر دەبێت."
دووکەڵەکە لە پاڵاوتگەیەکی ناحکومییەوە دەردەچێت. لە سنوری زەوی کۆمپانیای نەوتی باکوورە لە نزیک رێگای هەولێر و 24 کاژێر کار دەکات.
پاڵاوتگەکە ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار کەوتە کار و یەکەم بەرهەمهێنانی بەنزینی موحەسەنی راگەیاند. رۆژانە 12 هەزار بەرمیل کە دەکاتە ملیۆنێک و 600 هەزار لیتر بەرهەم دەهێنێت.
بەڕێوەبەری پاڵاوتگەکە دەڵێ، ئەوان جگە لە بەنزینی کوالێتی بەرز، گازی شلی LPG بەرهەم دەهێنن، بەڵام هێشتا بەرهەمهێنانی گازەکە دەستیپێنەکردووە، بۆیە دەسووتێ و ئەو دووکەڵەش پەیوەستە بەو کردارەوە.
شوان عەزیز، بەڕێوەبەری پاڵاوتگەی بەرهەم لەبارەی بەرهەمهێنانی بەنزین و بۆنەکەی ئاماژە بەوە دەدات، "ئەو دووکەڵە ئەوەیە، ئەو کۆگایەی بۆ گازەکەمان داناوە، گونجاو نەبوو بۆیە ناچار بووین، گازەکە بسووتێنین و ئەو بۆنەی دروستدەکرد. کە کۆگاکە چاکبوو، گازەکە کۆگا دەکەین و ئەو بۆنە نامێنێت."
ئەو بەنزینەی لەم پاڵاوتگەیەوە بەرهەم دێت ئۆکتانی دەگاتە %92 لەگەڵ گازی شلی LPG کە بۆ ئۆتۆمبێل بەکاردەهێندرێت و رادەستی وێستگەکانی کەرکووک دەکرێت.
پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک، بەنزین و گازی LPG ـیان لەکەربەلا و بێجییەوە هاوردە دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ