رووداو - هەولێر
ئەنجوومەنی باڵای رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە شاری هەولێر سەردانی ماڵی عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیان کرد، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، شوان رابەر، بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند "مامۆستا عەلی باپیر ئامادەیی خۆی بۆ هەر جوهدێکی خێر و چاک دەربڕی".
رۆژی شەممە 15-10-2016 لە شاری هەولێر عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی پێشوازی لە عەدنانی ئەنوەر بەگ و شاندێکی یاوەری کرد، کە نوێنەری ئەنجوومەنی باڵای رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنین، بە نوێنەرایەتی زیاتر لە 300 رێکخراو لە هەرێمی کوردستان.
شوان رابەر، بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت "سەردانیکردنی ئەو ئەنجوومەنە بۆ لای کۆمەڵی ئیسلامی و لە داهاتووشدا بڕیارە سەردانی سەرۆکی لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش بکەن لەسەر ئەو بارودۆخە سیاسیەی ئێستای هەرێمی کوردستانە".
شوان رابەر راشیگەیاند "پەیامێکیان پێبوو، پەیامەکەیان بریتییە لەوەی ئەمڕۆ بارودۆخی هەرێمی کوردستان لەڕووی پرۆسەی سیاسی و یاساییەوە چەقبەستووە، هاوکات هەرێمی کوردستان خاوەنی کۆمەڵێک کێشەی سیاسی و یاساییە، سەرباری ئەوەش ئێمە تووشی شەڕێکی نەگریس بووین، بۆیە پێویستە هەرچی زووە لایەنە سیاسییەکان لەنێو خۆیاندا نێوماڵی خۆیان رێکبخەن، بۆئەوەی بتوانن هەرچی زووە پەرلەمانی کوردستان کارا ببێتەوە".
بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی گوتیشی "لە بەرامبەردا مامۆستا عەلی باپیر ئامادەیی خۆی وەکو کۆمەڵی ئیسلامی بۆ هەر جوهدێکی خێر و چاک دەربڕی، کە بە ئاراستەی چاککردنەوەی نێوان لایەنەکان و کاراکردنەوەی پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بێت، ئەویش بێگومان بە شروت و زەوابتی خۆی، کە ببێتە ماوەی ئەوەی گۆڕانکاری ریشەیی و چاکسازی لە هەرێمی کوردستان بکرێت و ببێتە جێگای رەزامەندی خەڵک".
شوان رابەر، ئاماژەی بەوەدا "مامۆستا عەلی باپیر تەئکیدی لەسەر ئەوە کردەوە، کە پێویستە هەرچی زووە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بکەوێتەخۆ، مشوورێک بخوات، چاکسازییەک بەرپابکات بۆ ئەوەی ببێتە جێگەی رەزامەندی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ