لە شنگال 30 بیری ئاو لێدەدرێن
رووداو دیجیتاڵ
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی، دەستەی گشتیی ئاوی ژێر زەوی لە نەینەوا بڕیاری داوە 30 بیر لە سنووری قەزاکە لێبدات، تاوەکو ئێستاش نزیکەی 20 بیری لێداوە؛ بەڵام بەرپرسێکی قەزاکە دەڵێت، لێدانی بیر چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی کەمئاویی شنگال ناکات.
خودێدا جوکێ، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ بە وەکالەت کە نزیکە لە یەکینەکانی بەرخودانی شنگال/ یەبەشە، رۆژی یەکشەممە 15-10-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی وشکەساڵیی چەند ساڵی رابردوو، ناوچەکە رووبەڕووی کەمئاییەکی زۆر بووەتەوە، بەشێک لە بیرەکان وشکیان کردووە، یان ئاستی ئاوەکەیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی، دەستەی ئاوی ژێر زەویی نەینەوا دەستی بە لێدانی بیری نوێ کردووە، تائێستا نزیکەی 20 بیریان لێداوە."
بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ بە وەکالەت پێیوایە لێدانی بیر چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی کەمئاویی قەزاکە ناکات و دەڵێت، "باشترین چارەسەر پرۆژەی ئاوی رەبیعە - زوممارە، پێش شەڕی داعش بیرۆکەی دروستکردنی ئەو پڕۆژەیە هەبوو، ئێستا جارێکی دیکە بووەتەوە باس، پڕۆژەکە کێشەی ئاو لە قەزای شنگال و بەعاج چارەسەر دەکات."
قەزای شنگال دەکەوێتە سنووری پارێزگای نەینەوا، زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردی ئێزدین.
ئەندازیار عومەر خەلەف ساڵح، بەڕێوەبەری دەستەی گشتی ئاوی ژێر زەویی نەینەوا لە لێدوانێکدا کە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بڵاویکردەوە گوتی، "زۆرترین ناوچە کە لە پارێزگای نەینەوا بێئاو بووە، قەزای شنگال بوو، لە باکووری قەزاکە ناحیەی سنونێ، هەروەها بەشی باشوور کە بریتییە لە ناوەندی قەزاکە و ناحیەکانی قەحتانییە و عەدنانییە. تەواوی هەوڵەکانمان لە قەزاکەدا خستەگەڕ، سێ تیممان سەرقاڵی لێدانی 30 بیرن، تائێستا 20 بیریان تەواو کردوون."
بەڕێوەبەری دەستەی گشتیی ئاوی ژێر زەویی نەینەوا زیاتر روونیکردەوە، هەندێک لەو بیرانە پێشتر لێدرابوون، بەڵام تەواوی ئاوی ژێر زەویی ناوچەکە تووشی لەبەر رۆیشتن بووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەندێک رێکخراو، بیری هەڕەمەکییان لێداوە، ئەوەش وایکردووە ئاوی ژێر زەوی لەبەری بڕوات، بۆیە بە هەوڵی تیمەکانیان بیری نوێیان بە قووڵایی 250 بۆ 275 مەتر لێداوە، بیرە کۆنەکانیش کە کێشەیان هەبوو چارەسەریان کردوون و قووڵاییان زیاد کردووە.
ئەندازیار عومەر خەلەف ساڵح باسی لەوەش کرد، "بە نزیکەیی کەمئاویمان چارەسەر کردووە، بەتایبەتی لە ناحیەی سنونێ، دوو لەسەر سێی کارەکانمان تەواو کردووە."