رووداو دیجیتاڵ
خانەنشینانی دامودەزگا حکومییەکان و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرماشان داوا دەکەن، مافی خانەنشینیی فەرمانبەر و کرێکارانی ناوچەی شەڕیان پێبدرێ.
جەواد ئەکبەری، سەرۆکی ناوەندی خانەنشینیی پارێزگای کرماشان بە ئاژانسی فەرمیی ئێرانی راگەیاند، 36 ساڵ بەسەر تەواوبوونی جەنگی ئێران و عێراقدا تێدەپەڕێ، بەڵام هێشتا ماف و ئیمتیازی تایبەتی ناوچەی جەنگ نەدراوە بە خانەنشینانی کرماشان.
لە جەنگی 8 ساڵەی نێوان ئێران و عێراق لە 1980 تاوەکو 1988، شەڕی زەوینی شەش پارێزگای کرماشان، ئیلام، ورمێ، سنە، خوزستان و بووشێهری گرتەوە و ئەو شەش پارێزگایە بە ناوچەی شەڕ هەژماردەکرێن.
بەپێی یاسای خانەنشینیی ئێران، ئەو فەرمانبەر و کرێکارانەی لە ناوچەیەک کاریان کردبێ کە شەڕی تێدا بووە، مووچە و ئیمتیازی زیاتر لە خانەنشینانی ئاساییان پێدەدرێ، بەڵام خانەنشینانی کرماشان دەڵێن، لەو ماف و ئیمتیازانە بێبەشن.
سەرۆکی ناوەندی خانەنشینیی پارێزگای کرماشان دەڵێ، بەشی زۆری خانەنشینانی ئەو شەش پارێزگایە لە ماف و ئیمتیازی ناوچەی شەڕ بێبەشن و ماف و ئیمیتیازەکانیان دراوەتە خانەنشینانی هەندێک پارێزگای دیکە کە بە ناوچەی شەڕ دانانرێن.
لە پارێزگای کرماشان زیاتر لە 45 هەزار کەس مووچەی خانەنشینیی دامودەزگا حکومییەکان وەردەگرن و هەروەها بەپێی ئاماری نافەرمی، 7 هەزار کەسیش مووچەی خانەنشینیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ