چوار کەس لە ورمێ بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە 24 کاژێری رابردوودا لە سنووری پارێزگای ورمێ، چوار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، لانیکەم 8 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
یەکێک لە رووداوەکان شەوی رابردوو لە نزیک تەپەی حەسەنڵوی شاری نەغەدەی سەر بە پارێزگای ورمێ روویدا. فەرزین رەزازادە، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگاکە رایگەیاند، دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت پێکیانداداوە.
 
بەگوتەی فەرزین رەزازادە، لە ئەنجامی پێکدادانەکە دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکان گیانیان لەدەستدا و سێی دیکەش بریندار بوون.
 
هاوکات لە رێگەی مهاباد- ورمێ و لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت کەسێک گیانی لەدەستدا. حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ گوتی، دوو کەسیش لە رووداوەکەدا بریندار بوون.
 
حەمید مەحبووبی گوتی، لە رێگەی پیرانشار-شنۆی پارێزگاکەش پیژۆیەکی 405 خۆی بە تراکتۆرێکدا کێشاوە و سێ لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە بریندار بوون.
 
لە رێگەی میاندواو-بۆکانیش رووداوێکی هاتووچۆ روویدا. حەمید مەحبووبی ئاماژەی بەوە کرد، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پراید خۆی بە تراکتۆرێکدا کێشاوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا.
 
بەگوێرەی راپۆرتێک کە دادپزیشکیی ئێران بڵاویکردووەتەوە،  لە 21-3-2025 تاوەکو 21-9-2025، 10 هەزار و 414 کەس لەو وڵاتە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 202 هەزار و 145 کەسیش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە