رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند، ئەو لافاوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر لە چەند شوێنێکی پارێزگاکە دروستبوو، بووە هۆی رووخانی چەندین پرد و وێرانبوونی ژێرخانی ئاوەڕۆ. هۆکاری لافاوەکەی لەیلانیش بۆ پڕکردنەوەی شیوەکان بە زێدەڕۆیی گەڕاندەوە.
رۆژی دووشەممە 15-12-2025 رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە چەمچەماڵ رایگەیاند، ئەو لافاوەی هەفتەی رابردوو لە سنووری پارێزگای کەرکووک دروست بوو، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، پێشتر شیو هەبووە لەو ناوچانە، بەڵام ئێستا خەریکە ئەو شیوانە نامێنن، کە بە زێدەڕۆیی پڕ دەکرێنەوە.
پارێزگاری کەرکووک، ئاماژەی بەوەدا پێشتر رێکاریان گرتەبەر، "بەڵام پڕوپاگەندەی ئەوە کرا گوایە خانوومان رووخاندووە". گوتیشی: "ئێمە قبووڵی ناکەین شیوەکان بکرێنە زەوی و بکرێنە خانوو، دواتر ماڵی هاووڵاتییان ئاوی تێبچێت بەهۆی لافاوەوە."
بە گوتەی رێبوار تەها، "زۆرینەی زیانەکان بەر سنووری ناحیەی لەیلان کەوتووە، کە زەوییەکان کشتوکاڵین، هەروەها لە سنووری ناحیەی قەرەهەنجیریش لەوێ زیان بە پرد و ئاوەڕۆ گەیشتووە. لە شۆراویش چەند ماڵێک ئاوی تێچووە."
سەبارەت بە قەربووکردنەوەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە، پارێزگاری کەرکووک گوتی: "لیژنەیەکی قەرەبووکردنەوەمان هەیە، تاوەکو سبەی کارەکانی خەمڵاندنی زیانەکان تەواو دەبێت و دواتر دەینێرین بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان."
رۆژی 9ی کانوونی یەکەمی 2025 لافاو قەزای چەمچەماڵ و چەند ناوچەیەکی کەرکووک و ئیدارەی گەرمیانی گرتەوە. لە گەڕەکی شۆراو ئاو چووە نێو چەندین ماڵ، لە سنووری ناحیەی لایلانیش منداڵێک خنکا.
محەممەد شیاع سوودانی لە 10ی کانوونی یەکەم بڕیاری دا، کە بارەگایەکی پێشکەوتوو لەڕێگەی ناوەندی کارگێڕیی قەیران و کارەسات لە نێوان هەردوو پارێزگای کەرکووک و سەلاحەدین بکرێتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو لافاوەی سنوورەکەی گرتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ