رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر داوا لە هاونیشمانییان دەکات بۆ پرۆتستۆکردنی هێرشکردنە سەر هەولێر بە 10 مووشەک لەلایەن ئێرانەوە، ئەمڕۆ لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان به‌شداری خۆپێشاندانێکی فراوان بکەن.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاکانییەوە ئەمڕۆ (سێشەممە، 16-1-2024) ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا دەڵێ "له‌پێناو ئیدانه‌کردن و شه‌رمه‌زارکردنی ئه‌و هێرشه ناڕه‌وایه‌ی دوێنێ شه‌وی سه‌ر هه‌ولێری هه‌میشه سه‌ربه‌رز و کرده‌وه تیرۆریستیه‌کانی پێشوتریش. ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ک هاووڵاتی شاره‌که‌مان داوای مۆڵه‌تی خۆپیشاندانیان کردووه.''
بڕیارە خۆپێشاندانەکە کاژێر 10:30ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بکرێت، ئومێد خۆشناو کە جگە لە کاتی خۆپێشاندانەکە شوێنەکەشی نووسیوە، دەڵێ "له‌به‌رده‌م باره‌گای نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له‌سه‌ر شه‌قامی 100 مه‌تری دەکرێت."
پارێزگاری هەولێر هەروەها رایگەیاندووە "گه‌وره و بچووک، چین و توێژه‌کان، بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی مه‌زڵومیه‌ت و ریسواکردنی بکه‌رانی ئه‌و تاوانه گردبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری دەکەن، مۆڵه‌تیان پێدراوه و ئێمه‌ش پشتیوانیان لێده‌که‌ین و له‌گه‌ڵیاند ده‌بین."
هێرشەکەی شەوی رابردووی ئێران بۆ سەر هەولێر بە 10 مووشەک بوو، کە نیوەیان بە ماڵی پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری هەولێر کەوتن، بەهۆیەوە پێشڕەو و کچێکی کە هێشتا تەمەنی نەبووەتە یەک ساڵ گیانیان لەدەستدا، جگە لەوان هاوڕێیەکی بەناوی کەرەم میخائیل، خاوەنی کۆمپانیای ئەلڕەیان بۆ هاوردەکردنی ئامێری کارەبایی لە عێراق، گیانی لەدەستدا.
شەوی هێرشەکە، لەنێو ماڵی پێشڕەو دزەییدا بەبۆنەی گەڕانەوەی منداڵەکانی لە ئەمریکا، ئاهەنگی خێزانی هەبووە، بۆیە مووشەکەکان جگە لە کوشتنی ئەو سێ کەسە، بوونە هۆی برینداربوونی 17 کەسی دیکە، کە لە ئەندامانی خێزان، بنەماڵە و پاسەوان و خزمەتگوزارەکانی پێشڕەو دزەیی پێکدین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ