سوودانی: هێرشەکەی سەر هەولێر کاریگەری لەسەر پەیوەندییە بەهێزەکانمان لەگەڵ ئێران دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، هێرشەکەی سەر شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان "کردارێکی دووژمنکارانەی روون بوو دژی عێراق کە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی کردە ئامانج و قوربانییەکانیش خێزانێکی کوردی عێراقین و منداڵیان تێدایە".
رۆژی سێشەممە 16-1-2024 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە داڤۆس لە سویسرا لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان گوتی، ئەوەی روویدا "بەدڵنیاییەوە پێشهاتێکی مەترسیدارە کە کاریگەری لەسەر پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان عێراق و ئێران دەبێت. من بەو جۆرە لەمە (ئەم هێرشە) دەڕوانم کە پاشەکشەیەکە لە پەیوەندییە مێژووییەکەی نێوانمان".
شەوى 15ى کانوونى دووەم لەلایەن سوپاى پاسدارانى ئێرانەوە هێرش کرایە سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان و لە ئەنجامدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکە بریندار بوون.
محەممەد شیاع سوودانی گوتیشی، "حکومەتی عێراق مافی ئەوەی هەیە هەموو رێکارە دیپلۆماسی و یاساییەکان بگرێتە بەر کە سەروەرییەکەی بۆ دەستەبەر دەکەن".
حکومەتی عێراق لیژنەی لێکۆڵینەوەی بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و ئەندامێتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێکهێناوە؛ حکومەتی عێراق هەروەها رایگەیاندووە، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا دژی ئێران تۆمار دەکات.
سوودانی گوتیشی، "بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیوەندییەی کە هەمانە، ئەم هێرشە سەرکۆنەکراو و رەتکراوەیە و هیچ لایەنێک، ئیدی ئەگەر دەرەکی بێت یان نێوخۆیی، ناتوانێت ماف و رۆڵی حکومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئاسایشەکەی لێ وەربگرێتەوە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "هەڵوێستمان روونە. دوودڵیش نابین لە گرتنەبەری هەر رێکارێک کە پێویستە بۆ پاراستنی سەروەرییەکەمان".