رووداو - هەولێر
پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق، پێیوایە گوتەکانی عەبادی وروژاندنی شەقامی کوردی و هاندانی شەقامی عێراقە بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاماژە بەوە دەدات: "عێراق بە داهاتی خۆی ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی دابین بکات، ئەستەمە بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات".
رێناس جانۆ، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق، لەکاتی بەشداریکردنی لە رووماڵی هەواڵەکانی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، لە بارەی لێدوانەکانی عەبادی و وەڵامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئێستا لە ناو سیاسەتمەدارانی دەوڵەتی عێراق بووەتە مۆدێل هەر بەرپرسێک بیەوێت کەموکوڕییەکانی خۆی بشارێتەوە، پەلاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات و دەیکاتە بیانوویەک بۆ کەموکوڕییەکانی".
رێناس جانۆ دەڵێت "ئەو قسانەی عەبادی بۆ دەزگا راگەیاندنەکان کردی، مەبەست لێی وروژاندنی شەقامی کوردی و هاوکات هاندانی شەقامی عێراقییە بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان".
سەبارەت بەو قسەیەی عەبادی، کە دەڵێت ئەگەر هەرێمی کوردستان هەموو نەوتی خۆی رادەستی عێراق بکات، ئامادەیە مووچەی فەرمانبەرانی بدات، ئەو پەرلەمانتارە کوردەی عێراق دەڵێت: "باشترین وەڵام، وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ عەبادی، کە بەتەحەداوە ئەو پێشنیازەی عەبادی قبوڵکردووە".
رێناس جانۆ دەشڵێت: "ئێمە دەزانین ئەو قەیرانەی حکومەتی عێراقی گرتووەتەوە، زۆر لەو قەیرانەی هەرێمی کوردستان گەورەترە، لە ماوەیەکی نزیکیشدا لێکەوتەکانی بەدیار دەکەون".
رێناس جانۆ، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق، روونیدەکاتەوە، کە "زیاتر لە 4 ترلیۆن دیناری عێراقی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دەچێت، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق ترلیۆنێک و 800 ملیار داهاتی هەیە، ئەوەی دیکە لەڕێگەی بانکی ناوەندی پارەی یەدەگی عێراق دابین دەکرێت و رادەکێشرێت، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئەستەمە بۆ ئەوەی عەبادی بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدات".
بە بڕوای، ئەو پەرلەمانتارە کوردە، پەیامی هەرە دیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەیە "عەبادی بووەتە بەشێک لەو ناکۆکییە سیاسییەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئاماژە دان بەوەی فڵان وەزیر ئاگاداری داهات و بڕی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەبووە، ئەمە زیاتر نەفەسی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانییە، لە گوتەکانیدا هەمان ئەو قسانەی ئۆپۆزسیۆنی کوردستانە دەیکات، ئەوە کاری ئەو نییە، وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێوستە لایەنەکانی کوردستان لێک نزیک بکاتەوە، نەک لایەنگری لایەنێک بکات لەسەر حیسابی لایەنێکی دیکە".
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییە، مەرجێکی دانا بۆ رەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و رایدەگەیێنێت: "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو نەوتەکەیان رادەستی حکومەتی ناوەند بکەن، ئێمە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکەین".
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەڵامی قسەکانی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی دایەوە و رایدەگەیێنێت: "پێشنیارى بهڕێزیان قبوڵ دهكات سهبارهت به دابینكردنى تهواوى مووچهى فەرمانبهرانى ههرێمى كوردستان لهلایهن حكومهتى فیدراڵى عیراقهوه كه ژمارهیان 1ملیۆن و 400 ههزار كهسه و بۆ ههر مانگێك پێویستى به 890 ملیار دیناره، كه لهم پارهیه بڕى (336 ملیار دینار) بۆ پێشمهرگه قارهمانهكانى ههرێمى كوردستانه".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ