ئەمڕۆ ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەیە و چەند رێوڕەسمێک بەڕێوەدەچن

رووداو دیجیتاڵ

36 ساڵ لەمەوبەر شاری هەڵەبجە لەلایەن دەسەڵاتی بەعسەوە کیمیاباران کرا. ئەم ساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، رێوڕەسمی جیاواز بەڕێوەدەچن.
 
ئەمڕۆ 16ی ئادار، لە کاژێرەکانی بەیانییەوە بەرپرسانی پارێزگای هەڵەبجە لە مەزارگەی شەهیدان لە پێشوازیی میواناندا دەبن و کاژێر 10:00ی بەیانی، رێوڕەسمی سەرەکی دەستپێدەکات.
 
لە رێوڕەسمەکەدا لە مەزارگەی شەهیدانی هەڵەبجە، وێڕای دانانی تاجە گوڵینە، چەند گوتارێک پێشکێش دەکرێن.
 
شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو میوانەکان لە مەزارگە بمێننەوە یان سەردان بکەن، درێژە بە رێوڕەسمەکە دەدرێت.
 
هەر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ساڵیادەکەدا، ئێوارەی ئەمڕۆ لە زانکۆی هەڵەبجە چەند پانێڵێک بەڕێوەدەچن.
 
سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ رێوەڕەسمەکە بانگهێشت کراون.
 
رۆژی 16ی ئاداری 1988 شاری هەڵەبجە لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراقەوە کیمیاباران کرا و لە ئەنجامدا نزیکەی پێنج هەزار هاونیشتمانی شارەکە شەهیدبوون و زیاتر لە 10 هەزاری دیکە برینداربوون.
 
تاوەکو ئەمڕۆ هەڵەبجە تەنیا لە هەرێمی کوردستان پارێزگایە. هەرچەندە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 13-03-2023 پەسندکرا، بەڵام پەرلەمانی عێراق پەسندی نەکردووە.
 
بڕیاربوو 14-9-2023 لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی لایەنە عێراقییەکان بووە هۆکاری دەنگنەدان لەسەر پڕۆژەکە و تاوەکو ئەمڕۆ دەنگی لەسەر نەدراوە.
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 130 هەزار کەسە؛ رووبەرەکەی 1599 كیلۆمه‌تر چوارگۆشەیە. پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەقەزابوونی خورماڵی داوە.