لە یادی هەڵەبجەدا 5 هەزار گوڵ لە هەولێر دەڕوێندرێن
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، لە شاری هەولێر پێنج هەزار گوڵی پەپوولە بڕوێندرێن.
سەروەر وەیسی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێنج هەزار گوڵی پەپوولە بە یادی پێنج هەزار شەهیدی هەڵەبجە دەڕوێنین".
گوڵەکان لە شەقامی هەڵەبجە لە شاری هەولێر دەڕوێندرێن، کە دەکەوێتە نێوان پارکەکانی منارە و شانەدەر.
لە 16ـی ئاداری 1988دا شاری هەڵەبجە لەلایەن دەسەڵاتی بەعسی عێراقەوە کیمیاباران کرا و بەو هۆیەوە نزیکەی پێنج هەزار هاونیشتمانی شەهید بوون و زیاتر لە 10 هەزاریش بریندار بوون.