رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی هەینی، پێنجەمین خولی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دەیان سەرکردە و بەرپرسی باڵای وڵاتانی جیهان دەستپێبکات.
کۆڕبەندەکە لەژێر چاودێریی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە رێکخراوە. خولی ئەمساڵ لەژێر ناوی "بەڕێوەبردنی نادڵنیاییەکان لە نەخشەسازیی سبەیدا" بەڕێوەدەچێت و لە (17 تاوەکو 19ی نیسانی 2026) بەردەوام دەبێت.
پێشبینی دەکرێت کۆڕبەندەکەی ئەمساڵ یەکێک بێت لە قەرەباڵخترین خولەکان؛ بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، نوێنەرانی زیاتر لە 150 وڵات و 75 رێکخراوی نێودەوڵەتی بەشدار دەبن. کۆی بەشداربووان بە 5 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت، کە لە نێویاندا زیاتر لە 20 سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران، شانبەشانی 50 وەزیر (کە 40یان وەزیری دەرەوەن) ئامادە دەبن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەنێو سەرکردە دیارەکانی نێو ئەو کۆربەندە دەبێت. لە هەرێمی کوردستان و عێراق، جگە لە نێچیرڤان بارزانی، هەریەک لە وشیار زێباری، ئهندامی دهستهی كارگێڕی مهكتهبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بانگهێشتکراون.
لە کۆڕبەندەکەدا زیاتر لە 40 پانێڵ، دەربارەی پرسی سیاسی و ئابوری و ژینگەیی و تەکنەلۆژیا، بەتایبەتیش زیادبوونی نادڵنیایی و گۆرانکارییەکان لە سیستەمی جیهانیدا پێشکەش دەکرێت. جگە لەو پانێڵانە، چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەنێوان سەرکردە و شاندی وڵاتان بەڕێوە دەچێت. لەوانە کۆبوونەوەی سێیەمی وەزیرانی دەرەوەی پلاتفۆرمی ئاشتی وڵاتانی بەڵکان، دانیشتنێک لەسەر غەززە، کۆبوونەوەیەکی نافەرمی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی دەوڵەتانی تورک، هەروەها کۆبوونەوەی چوارقۆڵی نێوان تورکیا-پاکستان-سعودیە-میسر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ