رووداو دیجیتاڵ
بە مووشەک هێرش کرایە سەر کەمپەکانی زڕگوێز و زڕگوێزەڵە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەرپرسێکی کۆمەڵەش دەڵێت، هێرشەکان زیانی گیانییان نەبووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی نیسانی 2026، عەلی رەنجبەری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە مووشەکێک هێرش کرایە سەر کەمپەکانی زڕگوێز و زڕگوێزەڵە لە سنووری سلێمانی."
بە گوتەی عەلی رەنجبەری، "هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و مووشەکەکان بەر گۆڕستانێک لە نزیکی کەمپەکان کەوتووە."
ئێوارەی دوێنی چوارشەممە، بە درۆنێک هێرش کرایە سەر کەمپی دێگەڵە لە سنووری پارێزگای هەولێر و زیانی ماددی لێکەوتەوە."
رۆژی 14 نیسان بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی سوورداش لە سنووری پارێزگای سلێمانی و پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان شەهید بوو و دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، کە بۆ هێرشەکان دژی هەرێمی کوردستان و ئاماری قوربانییەکان دەیکات، لە دوای ئاگربەستەوە لە 8ـی نیسانەوە هەرێمی کوردستان بە 16 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، زۆرینەی هێرشەکان حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لە هەرێمی کوردستان و کەمپی کەسوکارەکانیانی کردووەتەوە ئامانج.
لە 28ـی شوباتەوە هەرێمی کوردستان بە 720 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە؛ لە ئەنجامدا 18 کەس گیانیان لەدەستداوە و 94 کەسیش بریندارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ