تیمە تایبەتمەندەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، دەستیان کرد بە هەڵدانەوەی سێ گۆڕی بەکۆمەڵ لە رۆژئاوای شاری موسڵ، کە رووفاتی پێشمەرگە و خەڵکی سڤیلی تێدایە.
دکتۆر یاسین کەریم، بەڕێوەبەری پەیمانگەی دادپزیشکیی هەولێر لە شوێنی گۆڕەکان بە مستەفا گۆران پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، نموونەی ئێسک (سەمپڵ) لە رووفاتەکان وەردەگیرێت بۆ پشکنینی DNA، چونکە 105 خێزانی پێشمەرگە و کەسانی بێسەروشوێن چاوەڕێی چارەنووسی ئازیزانیان دەکەن.
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، کە بە شێوەیەکی مەیدانی سەرپەرشتیی پڕۆسەکە دەکات، بە رووداوی گوت "بەدڵنیاییەوە رووفاتی پێشمەرگە لەنێو گۆڕەکاندا هەن" و بەڵێنی دا دوای تەواوبوونی رێکارەکان، رووفاتەکان بە شێوەیەکی فەرمی و شایستە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێنەوە.
ئەحمەد قوسەی ئەسەدی، سەرۆکی تیمەکانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق، دەڵێت: "ئەم شوێنە سێ گۆڕی بەکۆمەڵ لە ناوچەکانی 'ئەلهەرامات' و 'موشەیرەفە' لەخۆدەگرێت. شوێنەکە دوای شیکردنەوەی وردی وێنە ئاسمانییەکان دیاریکراوە و بەپێی بەدواداچوونەکانمان، ئەم تاوانە لە مانگی ئاداری ساڵی 2015 لەلایەن تاقمە تیرۆریستییەکانی داعشەوە ئەنجامدراوە."
ئەسەدی ئاماژەی بەوەش کرد کە بەپێی گەواهیی شایەتحاڵەکان و ئەو پاشماوانەی تا ئێستا دۆزراونەتەوە، قوربانییەکان جلی مەدەنییان لەبەردایە و ژمارەیەکی بەرچاو ژن و منداڵیان لەنێواندایە. گوتیشی: "شێوازی جلوبەرگی قوربانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە سەر بە پێکهاتەی ئێزدی بن." بڕیارە تەواوی پاشماوەکان دوای دەرهێنانیان، رەوانەی فەرمانگەی دادپزیشکی بکرێن بە مەبەستی ناسینەوەیان.
فەواز عەبدولعەباس، ئەندامی لێژنەی نێودەوڵەتی کاروباری بێسەروشوێنکراوان (ICMP) سەبارەت بە پرۆسەی دەرهێنانەکە روونی کردەوە: "تەرمەکان بە وریایی و یەک بە یەک بەرز دەکرێنەوە، چونکە بەهۆی شێوازی ناشتنیانەوە تەرمەکان بەسەر یەکدا کەوتوون و تێکەڵ بوون. ژمارەکان تا ئێستا سەرەتایین؛ لە شوێنی یەکەم رووفاتی زیاتر لە 10 کەس و لە شوێنی دووەم نزیکەی 16 تەرم بەدی دەکرێن، بەڵام پێشبینی دەکەین ژمارەکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت."