کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: لەدایکبووانی 2006 دەتوانن ناوی خۆیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن تۆمار بکەن

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، لە دایکبووانی 2006 دەتوانن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان ناویان تۆمار بکەن، گوتیشی، کارتی بایۆمەتریی ئەوانەی تاوەکو کۆتایی 2023 ناویان تۆمار کردووە، دابەش دەکرێن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 16-05-2024 مەڕوان محەممەد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە پێنجی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە کۆنووسی ئاسایی ژمارە 19ـی رۆژی 13-05-2024، بڕیاردرا بە دەستکردنەوە بە پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
 
مەڕوان محەممەد گوتی: ''ئەو پرۆسەیە تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانە لەخۆدەگرێت کە لەدایکبووی ساڵی 2006ـن، ئێستا دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن.''
 
رۆژی 10ـی مانگی داهاتوو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرابوو، یەکێک لە تێبینییەکان لەسەر هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە بەشێک لە دەنگدەران کە نزیکەی 400 هەزار کەسن، پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە، ئەوەش وایکردووە بێبەش بن لە دەنگدان.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: ''ئەو کەسانەش دەتوانن سەردانی بنکەکان بکەنەوە و پەنجەمۆریان لێ وەربگیرێتەوە.''
 
پارتی دیموکراتی کوردستان پێشتر یەکێک لە هۆکارەکانی بەشدارینەکردنی لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران گەڕاندبووەوە.
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بوونی رێژەی 5٪ـی دەنگدەرانی هەر بنکەیەکی دەنگدان کە پەنجەمۆریان نەیخوێنێتەوە بە ئاسایی دەبینێت و رێژەکە لەوە زیاتر بێت بە کێشە دەزانێت.
 
مەڕوان محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، لە دابەشکردنی کارتی بایۆمەتریی دەنگدەران بەردەوامن و ئەوانەی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 ناوی خۆیان تۆمار کردووە، ئێستا دەتوانن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان سەردانی بنکەکان بکەن.