سەعدی ئەحمەد پیرە: هەڵبژاردن بەبێ پارتی یان یەکێتی تاوەکو دێگەڵە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەڵێت: هەڵبژاردن بەبێ بەشداری پارتی یان یەکێتی تاوەکو سنووری دێگەڵە دەکرێت و دادگە هەر بڕیارێک بدات ئەوان پێی پابەندن و چاوەڕوانن سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بکات و وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان بکرێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "ئێستا دۆخی هەرێمی کوردستان لە ئاڵۆزیدایە، ئەو ئاڵۆزییە مایەی سەرسوڕمانە و پێویستی نەدەکرد لەسەر هەڵبژاردن ئەو دۆخە ئاڵۆزە دروست بکرێت."
گوتیشی: "ناکۆکییە نێوخۆییەکان، بەتایبەت ناکۆکی پارتی و یەکێتی هەرێمی کوردستان بەرەو ئەنجامێکی خراپ دەبات، لەکاتێکدا پارتی و یەکێتی بەرپرسن لەو حکومڕانییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە."
'هەڵبژاردن تاوەکو دێگەڵە'
لە بەشێکی گوتەکانیدا، گوتەبێژی یەکێتی باسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان و گوتی: "لەرووی واقیعییەوە هەڵبژاردن بەبێ بەشداریی پارتی ئەنجام نادرێت."
گوتیشی: پارتی و یەکێتی هەر لایەکیان بەشداریی هەڵبژاردن نەکەن ئەوا ئەو هەڵبژاردنە تاوەکو دێگەڵە ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت هەڵبژاردن لە کوردستان بکرێت یان نا، چونکە بەهانەکانی پارتی لەبارەی هەڵبژاردن بەهانەی ناواقیعین.
"پارتی بۆچی قبووڵی بوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەرێمی کوردستان بکرێتە 12 بازنەی هەڵبژاردن بەڵام بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان قبووڵ ناکات بکرێتە 4 بازنە،" سەعدی ئەحمەد پیرە وای گوت.
گوتیشی: "تورکمانەکان لە هەموو عێراق داوای کورسی کۆتا ناکەن بەڵام مایەی گومانە لە کوردستان داوای دەکەن."
لەبارەی کورسیی کۆتای کریستیانەکانیش، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت: "دەکرێت لە 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان پشکێک بۆ کریستییانەکان دەستنیشان بکرێت."
'بەشێک لە تورکمان و کریستیانەکان پارتین'
هەر لە بەرنامەی 'رووداوی ئەمڕۆ' کاتێک پێشکێشکاری بەرنامەکە پرسیاری لێکرد لەبارەی هۆکاری سەردانی نەکردن و کۆبوونەوەیان لەگەڵ تورکمان و کریستیانەکان، گوتەبێژەکەی یەکێتی گوتی: "بەشێک لەو تورکمان و کریستیانانە لە بنەمادا پارتین بۆیە سەردانیان ناکەن."
گوتیشی: یەکێتی سەردانی لایەنە تورکمانی و کریستییانەکانیشی کردووە لە رابردوو و لەگەڵیان کۆبووەتەوە جگە لەو لایەنانە نەبێت کە بەناوی نوێنەرایەتی پێکهاتەکانەوە نوێنەرایەتی پارتی دەکەن لە پەرلەمان.
"ناکرێت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ رازیکردنی دوو کورسی کۆتاکان یەکتر رەتبکەنەوە" سەعدی ئەحمەد پیرە وای گوت.
لەبارەی کرۆکی ناکۆکییەکانیشیان لەگەڵ پارتی و گرژبوونی پێوەندییەکانیان گوتی: "کێشەی پارتی و یەکێتی لەسەر دەسەڵاتە، یەکێتی سەرۆکایەتی هیچ دەسەڵاتێکی لانییە لە هەرێمی کوردستان و رێککەوتنی پێکهێنانی کابینەی حکومەت لەلایەن پارتییەوە جێبەجێ نەکراوە، هەربۆیە دەیانەوێت کۆتایی بەو رەوشە و دەسەڵاتەکان لەسەر بنەمای نیشتمانیی دابەشبکرێن."
ئەو گوتانەی سەعدی ئەحمەد پیرە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لەکاتێکدایە کە رۆژی پێنجشەممە، 16ـی ئایاری دەستەی دادوەرەیی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی تانەیەک دا، کە لە دژی راگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆن بۆ کردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گیرابوو.
تانەکە لەلایەن رزگار حاجی حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە پێشکێشکرابوو، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەرژەوەندیی ناوبراو بڕیاری دا.
هاوکات هەر ئەمڕۆ دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەى بەوەداوە کە "19ى ئایار لەبارەى ئەو سکاڵایە کۆدەبێتەوە کە سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان تۆماریکردووە."
روونکردنەوەى دادگەکە دواى ئەوە بوو دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بڕیاری راگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆنی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە، بە "نادروست و پێچەوانەی یاسا ئەژماری کرد" و ئاماژەى بەوەدا" راگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆن رەچاوی ئەوەی نەکردووە دەبێت کۆمیسیۆن لە ماوەی ویلایەتی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی ئێستا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات."
بەپێی ئەو وادەیەی دیاریکراوە، بڕیارە رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. پارتی و پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیان (جگە لە بەرەی تورکمانی) بڕیاریان داوە بەشداریی هەڵبژاردن نەکەن.
رۆژی 22ـى شوباتی 2024، دادگەى باڵاى فیدراڵى 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکان (تورکمان، کریستیان و ئەرمەن)ـی لە پەرلەمانى کوردستان هەڵوەشاندەوە.