رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) داوای لێبووردنی لە گوندپارێزان کرد بەهۆی قسەیەکییەوە کە گوتبووی: "بێکار نابن، با چەکیان لێ وەربگیرێ و گۆچانێکیان پێبدرێت."
14ی ئایاری 2025، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، لە پارێزگای مووش لە باکووری کوردستان گوتارێکی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و بڕیاری چەکدانانی پەکەکە پێشکێش کرد.
تونجەر باکرهان بە تەنزەوە باسی لە گوندپارێزان کرد کە هێزێکی پاڵپشتیکاری سەر بە وەزارەتی ناوخۆی تورکیان و لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی پەکەکە لە باکووری کوردستان شەڕ دەکەن.
تونجەر باکرهان گوتبووی: "گوندپارێزان بێکار نابن، با چەکەکانیان لێ وەربگیرێ و گۆچانێکیان پێ بدرێ شوانی و ئاژەڵداری بکەن؛ پیشەیەک و ئەرکێکی شکۆمەندانەیە. لەبری ئەوەی بە چەکی دەستیان هاوگوندییەکانیان ئازار و ئەشکەنجە بدەن، با خەریکی شوانی بن."
ئەمڕۆ هەینی 16ـی ئایار، تونجەر باکرهان، میوانی کەناڵێکی تورکیا بوو و وەڵامی پرسیاری گوندپارێزەکانی لێکرا و لە وەڵامدا رایگەیاند: "سەرەتا دەمەوێ روونی بکەمەوە، خێزانی منیش ئاژەڵداری دەکەن، پوورەی هەنگیان هەیە و خەریکی مەڕداریشن. ئەوان ئاژەڵ بەخێودەکەن و دەیفرۆشن. بۆیە بەهیچ شێوەیەک مەبەستم بێ رێزیکردن یان کەمکردنەوە نەبووە لە پیشەی ئاژەڵداری یان شوانی".
باکرهان گوتی: "هەر گوندپارێزێک بەهۆی قسەکانمەوە دڵی شکابێت داوای لێبووردنی لێدەکەم"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، گوندپارێزان بەشێک بوون لە ئەنجامی سیاسەتی "چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد. زەوینەیەک خۆشکرا بۆ ئەوەی کورد دژی کورد بجەنگێت. ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر بکرایە، هێزێکی وەک گوندپارێز دانەدەمەزرا".
15ـی ئایار هەریەک لە موساڤات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی؛ یاڤوز ئاغرعەلیئۆغڵو، سەرۆکی پارتی کلیل، مستەفا دەستەجی، سەرۆکی یەکگرتووی مەزن کە ئەمەی دواییان بەشێکە لە هاوپەیمانیی جمهوور و ژمارەیەک پەرلەمانتار رەخنەی تووندیان لە قسەکانی هاوسەرۆکی دەم پارتی گرت.
12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامی کۆنگرەکەی 12ـی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری دەهێنێت.
ساڵی 1981 بە بڕیارێکی سهرۆكایهتیی ئهركانی گشتیی سوپای توركیا، هێزی گوندپارێزان دامهزرا کە ئێستا ژمارەیان نزیکەی 60 هەزار کەسە و شەڕ دژی گهریلاكانی پهكهكه دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ