رووداو دیجیتاڵ
بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی سەگی بەرەڵا لەناو سەنتەری شار، بڕیارە ئەم هەفتەیە یەکەمین شێڵتەری سەگ بکرێتەوە.
رۆژی شەممە، 16ـی ئایاری 2026، بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو ئامادەکارییەکانی شیڵتەری دهۆک تەواو بوون و ئەم هەفتەیە دەکرێتەوە. گرووپێکی شارەزا بۆ گرتنی سەگەکان پێکهێنراوە، کە دوای گرتنیان، نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت و پاشان بەرەڵا دەکرێنەوە، بەڵام ئەو سەگانەی هارن یان نەخۆشن، لەناو شیڵتەرەکەدا دەهێڵدرێنەوە."
بە گوتەی قایمقامی دهۆک، نزیکەی 20 هەزار سەگی بەرەڵا لە پارێزگاکەدا هەن، ئەمەش وادەکات گوشارێکی زۆر لەسەر شیڵتەرەکە هەبێت. بریندار حەیدەر گوتیشی: "ئاسان نییە هەموو سەگەکان بەو خێراییە کۆنترۆڵ بکرێن، بەڵکو لانیکەم شەش مانگی دەوێت تاوەکو کاریگەرییەکانی ئەم پڕۆژەیە و کەمبوونەوەی سەگەکان لە شەقامەکاندا دەربکەوێت."
قایمقامی دهۆک باسی لەوەشکرد، سەگەکان بەپێی دۆخیان تەندروست، نەخۆش و ئاوس پۆلێن دەکرێن و لە شوێنی جیاواز دادەنرێن، هەروەها پزیشکی ڤێتێرنەری و کارمەندی شارەزا بۆ چارەسەر و نەشتەرگەریی سەگەکان دابینکراوە.
ئەم پڕۆژەیە کە یەکەمین شیڵتەرە لەسەر ئاستی پارێزگاکە، بە گوژمەی 323 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پارێزگای دهۆک دروستکراوە، رووبەرەکەی 11 هەزار مەتر چوارگۆشە و باڵەخانەکەی 700 مەترە.
کردنەوەی ئەم شێڵتەرە لەکاتێکدایە، لەم دواییانەدا پەلاماردانی هاووڵاتییان لەلایەن سەگی بەرەڵاوە لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە دهۆک زیادی کردووە، کە بووەتە هۆی برینداربوون و لە هەندێک حاڵەتیشدا گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان.
سەرەتای ئەم مانگە لە سنووری دهۆک سەگ پەلاماری دوو منداڵی دا و یەکێکیانی کوشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ