قوتابیانی شوەیفات لە هەولێر شانۆگەریی (گەورەترین میوزیکاڵ) نمایش دەکەن

46 خولەک له‌مه‌وپێش
هۆرڤان رەفعەت
بەشێک لە شانۆگەریی (گەورەترین میوزیکاڵ). وێنە: رووداو
بەشێک لە شانۆگەریی (گەورەترین میوزیکاڵ). وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گرووپێک لە قوتابیانی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی شوەیفات لە هەولێر، بەبێ ئەوەی ئەکتەر یان سەماکاری پرۆفیشناڵ بن، تواناکانیان لە رێگەی شانۆگەرییەکی میوزیکی بەناوی (گەورەترین میوزیکاڵ) خستەڕوو. لە کارەکەدا 71 منداڵ بەشدارن و بە زمانی ئینگلیزی نمایشەکەیان پێشکێش کرد.
 
قوتابییەکان باس لە ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەو کارە هونەرییە دەکەن و خۆشحاڵیی خۆیان دەردەبڕن. جانا مەحموود، قوتابی لە قوتابخانەی سابیس بە رووداوی گوت: "٦ مانگمان پێچووە تا ئەو شانۆییە هەموو ئامادە بکەین، مامۆستا میدیا و مامۆستاکانی دیکە زۆر هاوکاریان کردین، زۆر خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ لێرەم".
 
بەشێک لە قوتابییەکان باس لە ئاسانیی کارەکانیان دەکەن لە کاتی راهێنانەکاندا؛ رۆبرت ستیفانۆس، قوتابییەکی دیکەی بەشداربوو گوتی: " لەبەرکردنی دیالۆگەکان لە مێشکمدا کارێکی قورس نییە، چونکە لە منداڵییەوە لەوەدا باشبوم، تەنیا پێویستم بەوەبوو لە ژوورەکەی خۆم دابنیشم و دەقە شانۆییەکە بەرامبەر خۆم دابنێم و بیخوێنمەوە و لەبەریبکەم و بزانم کام دێڕە هی منە".
 
سەبارەت بە رۆڵەکەی لە نمایشەکەدا، تالە محەممەد، کە ئەویش قوتابی قوتابخانەی سابیسە، گوتی: "من ئەکتەر بووم ئەمڕۆ، لەناو شانۆییەکە کەسێکی خراپی تێدابوو کە رۆڵی من ئەوەبو کە ئەو کەسە دووربخەمەوە".
 
ئامانجی نمایشەکە تەنیا لایەنی هونەری نییە، بەڵکو لایەنی پەروەردەییش لەخۆدەگرێت. مامۆستایانی سەرپەرشتیار دەڵێن، مەبەستیانە لە رێگەی ئەم چیرۆکەوە منداڵەکان فێری متمانەبەخۆبوون و وەفا بکەن.
 
لەو بارەیەوە میدیا عەلی، مامۆستای شانۆ و راهێنەری قوتابیان سەبارەت بە چیرۆکی شانۆییەکە گوتی: "چیرۆکی شانۆییەکە دەیەوێت پێت بڵێت لە هەر شوێن و بارودۆخێکدا بیتم ئەگەر لەسەر بەردەوام بیت ئەوە پێی دەگەیت، بەڵام دەبێت لەبیرت نەچێت کە لە رێگای گەیشتنەکە کێ یارمەتی دایت و کێ لەگەڵت بوو".
 
قوتابخانە نێودەوڵەتییەکانی سابیس لە هەرێمی کوردستان و عێراق، جگە لە سیستەمی خوێندنەکەیان، گرنگییەکی زۆر بە چالاکییە هونەری و پەروەردەییەکان دەدەن بۆ پێگەیاندنی قوتابییەکانیان و دەرخستنی تواناکانیان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە