رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای هەولێر دەڵێ، بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار بازاڕێکی هاوچەرخی پایسکل و ماتۆڕسکیل دروست دەکرێ. سەرۆکی ئەنجوومەنی ماتۆڕسکیلانی هەولێر دەڵێت: "شوێنەکەمان دەگوازنەوە بۆ شەقامی کەرکووک".
رۆژی سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "بە مەبەستی رێکخستنەوە و جوانترکردنی سیمای شار و نەهێشتنی جەنجاڵی هاتووچۆی هاووڵاتییان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ ئەنجوومەنی بازاڕی پایسکل و ماتۆڕسکیلان، سەبارەت بە دروستکردنی بازاڕێکی هاوچەرخ بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدرا".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بازاڕێکی هاوچەرخ بۆ پایسکل و ماتۆڕسکیل بە گوژمەی دوو ملیار و 887 ملیۆن و 574 هەزار دینار لەسەر رووبەری 10 دۆنم زەوی لە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر لەسەر شەقامی کۆنی کەرکووک - هەولێر دروستدەکرێت، چونکە بازاڕی ئێستا دەکەوێتە نێو جەرگەی شاری هەولێر و سیمایەکی ناشیرین، قەرەباڵخی، جەنجاڵییەکی زۆر و گرفتی هاتووچۆیی بۆ هاووڵاتییان دروستکردووە.
لەو بارەیەوە محەممەد قادر، سەرۆکی ئەنجوومەنی ماتۆڕسکیلانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لەگەڵ پارێزگاری هەولێر کۆبووینەوە. بەهۆی نەگونجاوی شوێنەکەمان بڕیار دراوە بازاڕەکەمان بگوازرێتەوە بۆ شەقامی کەرکووک. بازاڕێکی نوێمان بۆ دروستدەکەن، شوێنەکە زۆر باشە و قەرەباڵخی لەسەر نییە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی ماتۆڕسکیلانی هەولێر دەڵێت: "بڕیارە بۆ هەر دووکانێک 24 ملیۆنمان بە چوار قست لێ وەربگرن، بەڵام داوامان لە پارێزگاری هەولێر کرد بۆمان بکاتە 6 قست و پارەکەشمان بۆ کەم بکاتەوە".
بە گوتەی محەممەد قادر، بڕیارە لە بازاڕە نوێیەکە 120 دووکان دروست بکرێن، نیوەی بۆ پایسکل و نیوەکەی دیکەی بۆ ماتۆڕسکیل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ