کۆمیسیۆن وەرگرتنی لیستی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەخات

رووداو دیجیتاڵ
 
دانیشتنێکی دادگەی باڵای فیدڕاڵی کە بڕیارە 19ـی ئەم مانگە لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بەڕێوەبچێت، راگەیاندنی وەرگرتنی لیستی بەربژێرانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی بۆ ماوەیەکی نادیار راگرت.
 
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، "وەرگرتنی لیستی بەربژێرانمان راگرت، چونکە نازانین هەڵبژاردنەکە هەموو هەرێمی کوردستان دەکاتە یەک بازنە یان هەر پارێزگایەک دەکاتە بازنەیەکی دەنگدان".
 
بەپێی رێکارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق دەبووایە لە رۆژی چوارشەممە، 15ـی ئەم مانگەوە کۆمیسیۆن دەست بە وەرگرتنی لیستی بەربژێر و قەوارە و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات کە بڕیارە رۆژی 25ـی شوباتی ساڵی 2024 بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی دانیشتنێکی دادگەی باڵای فیدڕاڵییەوە وەرگرتنی لیستەکان بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.
 
شەوی چوارشەممە، 15-11-2023، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەرگرتنی لیستی ناوی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواکەوتووە، چونکە رۆژی 19ـی ئەم مانگە دانیشتنێکی دادگەی فیدڕاڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە، کە تێیدا لەدژی ژمارەیەک مادە سکاڵاکراوە و دانیشتنەکە بۆ بڕیاردانە لەسەر چەند بابەتێک لەوانە بازنەکانی هەڵبژاردن و کورسیی کۆتا".
 
عیماد جەمیل گوتی، "دیارنییە بڕیاری دادگە چی دەبێت؟ ئەگەر بڕیارەکە ئەوە بێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە یەک بازنە بێت یان هەر پارێزگایەک یەک بازنە بێت، ئەوا میکانیزمی لیستی بەربژێران جیاواز دەبێت، چونکە ئەگەر هەرێمی کوردستان یەک بازنەی هەڵبژاردن بێت، ئەوا لە هەر قەوارە و لیستێک یەک لیستی ناوی بەربژێران وەردەگرین، ئەگەر زیاتر لە بازنەیەک بێت، لیستەکان جیاواز دەبن".
 
باسی لەوەشکرد، کە بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی لەبارەی کورسیی کۆتایی پەرلەمانیش بابەتەکە دەگۆڕێت کە هێشتا نازاندرێت بڕیاری دادگەکە چی دەبێت.
 
بەپێی ئەو خشتەیەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن دیاریکردووە، بڕیاربوو رۆژی 10-11-2023، کۆمیسیۆن وادەی وەرگرتنی لیستی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رابگەیەنێت، رۆژی 15-11-2023ش، دەست بە وەرگرتنی لیستی بەربژێران بکرایە و تاوەکو رۆژی 4-12-2023، بەردەوام بووایە، بەڵام سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەڵێت، "راستە وەرگرتنی لیستی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ ماوەیەک دوادەکەوێت، بەڵام کاتی زۆرمان لەبەردەستدایە و دەتوانین قەرەبووی بکەینەوە".
 
بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 19-11-2023، دادگەی فیدڕاڵی بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵایەک کە لە دژی مادەکانی 1، 9، 15، 22 و 36 ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، کۆببێتەوە، سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکسیۆنی کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراوە سکاڵاکان تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان کراوە.
 
پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی لە رۆژی 09-10-2022 تەمەنی خۆی بۆ 31-12-2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 خولەکە کۆتایی دەهات.
 
رۆژی سێشەممە، 30-5-2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووری و نایاساییە، هەرشتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە لە رووی دەستوورییەوە پووچەڵە".